خواردنەوەی جامە ژەهرەکە
ئایا ئەمریکا و ئێران مێژووی 38 ساڵ لەمەوبەری خۆیان دووبارە دەکەنەوە؟
964+
فەرهاد حەسەن
ساڵى 1988 بوو، كاتێك ئێران بڕیارى راگرتنى شه‌ڕى هه‌شت ساڵه‌ى له‌گه‌ڵ عێراق دا، ئەوکات ئایه‌توڵا خومه‌ینى له وتارێكی رادیۆییدا لە 22ی ئابی 1988، خۆى پابه‌ندی بڕیارنامەی 598ی ئەنجومەنی ئاسایشی كرد، وتبووى “بڕیارى راگرتنى شه‌ڕه‌كه بۆ من، وه‌كو خواردنه‌وه‌ى جامه ژەهرێك وایه”.
ئه‌وكات هه‌رچه‌نده بڕیارەکە پێچەوانەی دیدگای ئێران بوو بۆ شەڕ و دەیانویست شەڕ بەردەوام بێت، به‌ڵام ئیمام خومه‌ینى پێیوابوو كه پێویسته سەرکردایەتی بڕیارێکی بوێرانە بدات بۆ رزگارکردنی نیشتمان و دەوڵەت و پاراستنی خەڵکه‌كه‌ى لە بەردەوامی کوشتن و توندوتیژی و وێرانکاری.
38 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و رووداوه‌دا تێده‌په‌ڕێت، ئایا ئێران و ئەمریکا مێژوو دووبارە دەکەنەوە؟
با دیسان بگه‌ڕِێینه‌وه بۆ كاتى جه‌نگه‌كه‌ى نێوان عێراق و ئێران، بێگومان ئەمریکا لە کاتی جەنگه‌كه‌دا رۆڵی هەبوو، هێزی دەریایی هێنابووه ناو کەنداو بۆ پاراستنی رێڕەوی نەوت و گەرووی هورمز، لەو کاتەدا ئەمریکا بەشێکی زۆری هێزی دەریایی ئێرانی تێکشکاند.
جگه له‌مه‌ش، له رۆژى 3ـى ته‌مموزى ساڵى 1988، كه ده‌كاته 19 رۆژ پێش رازیبوونی خومەینی بۆ کۆتایی هێنان بە جه‌نگه‌كه، هێزه دەریاییه‌كانى ئه‌مریكا فڕۆكه‌یه‌كی مه‌ده‌نى ئێرانیان كرده ئامانج و خستیانه ناو ئاوى كه‌نداو، کە نزیکەی 290 سەرنشین و تیمی فڕۆکەوانی هەڵگرتبوو، هه‌موویان گیانیان له‌ده‌ستدا.
ده‌ڵێن، کارەساتی فڕۆکە مەدەنییەکە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی قبوڵکردنی ئاگربەست بوو لەلایەن ئێرانەوە، چونكه ئه‌وكات ئێران ئه‌م به ئامانجگرتنه‌ى فڕۆكه‌كه‌ى وەک ئاماژەیەک بینی کە ئەمریکا دەست لە مەدەنییەکانیش ناپارێزێت.
جەنگی ئێستای نێوان ئەمریکا و ئیسڕائیل لەگەڵ ئێران مانگێکی تێپەڕاندووە، ئەمریکا لەدوای مۆڵەتە 48 کاتژمێرییەکەی دابووە ئێران، بۆ ئەوەی دامەزراوەکانی وزەی نەکاتە ئامانج، دوای ئەمەش پێنج رۆژ و دواتریش 10 رۆژی دیکەی مۆڵەت پێدا، چونکە بەقسەی ئەمریکا، ئێران پەیامی ناردبوو، کە ئامادەیە بۆ گفتوگۆ، ئەوانیش لاریان نییە و تاڕادەیەک گەشبین دەبن بە گفتوگۆکان.
ئێساش، ئێران بە پێنج مەرج و ئەمریکاش بە 15 مەرج، دەست بە دانوستان دەکەن، مەرجی هەردوولایان بۆ جێبەجێکردن بەسەر یەکترییەوە قوڕس و قوڕسترن، چونکە هەردوولا پێیانوایە سەپاندنی مەرجەکانیان بەسەر یەکتری بۆ ئەوان، شکستهێنانە لە جەنگەکە، لە کاتێکدا هەردوولاش بە ئامانج و خواستی جیاواز، مەیلی راگرتنی جەنگەکەیان هەیە.
کەواتە هەردوو لایەنی ئەمریکی و ئێرانی لەسەر لێواری بڕیارێکی چارەنووسسازندان، جا ئایا ئەمریکا دەستی سووک دەکات بۆ ئەو 15 مەرجەی بۆ ئێرانی داناوە، یاخود پێداگردەبێت لەسەر پاراستنی رێڕەوی نەوت و گەرووی هورمز، وەکو ئەوەی 38 لەمەوبەر کردی؟
ئەی ئێران، لەدوای لەدەستدانی رابەرەکەی و چەندین سەرکردەی باڵا، سوور دەبێت لەسەر ئەو مەرجانەی بۆ ئەمریکای داناوە، یاخود دەست بە چاویەوە دەگرێت و ژەهر خواردنەوەکەی 38 ساڵ لەمەوبەری ئیمام خومەینی، بۆ پاراستنی وڵاتەکەی دووبارە دەکاتەوە؟