دیمەنى بارانبارین
شەپۆلەکە بەردەوامە
تەرزەى لەگەڵ دەبێت؛ باران و هەورەبرووسکە و بەفر هەرێم دەگرێتەوە
964+
وریا فەتاح
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، لە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆوە ئاسمانی هەرێم دەگۆڕێت و نزمەپاڵەپەستۆیەکی دەریای سپی ناوەڕاست روو لە ناوچەکە دەکات، کە بارانبارین و هەورەبرووسکە و لە ناوچە سنوورییەکانیش بەفری لەگەڵ دەبێت.
پێشبینییەکان بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە:
لە دوای نیوەڕۆوە ئاسمان لە نیمچە هەورەوە دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو. سەرەتا نمەباران لە ناوچە شاخاوییەکان دەستپێدەکات و دواتر شەپۆلەکە پارێزگای دهۆک، ئیدارەی زاخۆ، سۆران، بەشێک لە راپەڕین و باکووری هەولێر دەگرێتەوە. لەم ناوچانە بارانەکە مامناوەند دەبێت و لە ناوچەکانی تریش نمەبارانی پچڕپچڕ دەبێت.
پێشبینییەکان بۆ سبەى دووشەممە:
کاریگەریی شەپۆلەکە بەهێزتر دەبێت، بەتایبەت لە بەرەبەیاندا. لە دهۆک، زاخۆ، سۆران و راپەڕین بارانی مامناوەند و هەورەبرووسکە دەبێت، ئەگەری تەرزەبارینیش لە ناوچە شاخاوییەکان هەیە.
کەشناسی پێشبینی دەکات سبەی دووشەممە رێژەی بارانبارین لە ناوچەکانی (بارزان، مێرگەسوور، دێرەلووک، ئامێدی، سۆران، خەلیفان و چۆمان) لە سەرووی 20 ملم بێت. هەروەها لە ناوچە سنوورییەکان بەفریش دەبارێت.
پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی (بە سیلیزی):
هەولێر: 14
سلێمانی: 12
دهۆک: 11
کەرکوک: 15
هەڵەبجە: 14
گەرمیان: 17
سۆران: 11
پیرمام: 10
چەمچەماڵ: 13
حاجی ئۆمەران: 5