پشتگیرى فەرەنسا بۆ هەرێمى کوردستان

ماکرۆن بۆ نێچیرڤان بارزانی: بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر ماڵەکەت دەکەین

964+

وریا فەتاح

ئەمڕۆ شەممە 28.3.2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساوە پێگەیشت، تێیدا دوایین پێشهاتە ئەمنییەکان و هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران.

سەرۆکایەتى هەرێم بلاوى کردەوە،”لە پەیوەندییەکەدا، سەرۆک ماکرۆن بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییەی کرد کە ئەمڕۆ کرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە شاری دهۆک. ماکرۆن جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ پاراستنی سەقامگیرییان”.

هەر لەو پەیوەندییەدا، سەرۆکی فەرەنسا سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی سەرۆکی هەرێم و خانەوادەی ئەو پێشمەرگانە کرد کە رۆژی 24ـی ئەم مانگە، لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ناوچەی سۆران شەهید بوون، هیوای زوو چاکبوونەوەشی بۆ برینداران خواست.

لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی پەیوەندییەکەی ماکرۆن و هەڵوێستە نێودەوڵەتییەکانی فەرەنسای کرد لە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان. هەردوولا جەختیان لە گرنگیی چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان کردەوە بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕ و ململانێیانەی کە ناوچەکەیان گرتووەتەوە و لێکەوتەی مەترسیداریان هەیە.

ئەم پەیوەندییە لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان لە چەند رۆژی ڕابردوودا ڕووبەڕووی چەندین هێرشی مووشەکی و درۆنی بووەتەوە و کاردانەوەی توندی نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە.

ماکرۆن داوای گفتوگۆی راستەوخۆ لە نێوان واشنتن و تاران ...

ماکرۆن داوای گفتوگۆی راستەوخۆ لە نێوان واشنتن و تاران دەکات