شه‌قامێكی زاخۆ كۆمپانیایه‌ك له‌ وه‌رگرتنى پڕۆژه‌ دوورده‌خاته‌وه‌

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

زیاتر له‌ دوو ساڵه‌، شه‌قامی مزگەوتی جودی لە گەڕەکی سێمالکاى زاخۆ تەواو نه‌بووه‌، تا ئێستاش دیارنییە کەى تەواو دەبێت، شاره‌وانى زاخۆش ده‌ڵێت، چیتر پڕۆژه‌ نادرێته‌ ئه‌و كۆمپانیایه‌.

شه‌قامه‌كه‌ سێ گەڕەکی گەورە بەیەکەوە دەبەستێته‌وه‌ کە ئه‌وانیش بریتین له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانى، سێمالکا و مەهەمدیک و شقا.

ئه‌و شه‌قامه‌ لە 17.11.2021 بەردی بناغە بۆ دانرابوو، ده‌بوایه‌ ساڵێك دواى ئه‌و رێكه‌وته‌ ته‌واو بكرێت، دواتریش 125 رۆژ بۆ كاركردنى زیادكرا، كه‌چی خه‌ریكه‌ ماوه‌كه‌ى به‌سه‌رده‌چێت و تا ئێستاش ته‌واو نه‌كراوه‌.

ئازاد عەبدوڵا، خەڵکی گەڕەکەکەیە و دوکانداریشە، بۆ 964 وتی “نە دەتوانین هاتووچوو بکەین، نە کار بکەین. زیاتر لە 150 دوکاندار لەسەر ئەم شه‌قامه‌ین، هاتووچووش لێرە پەکی کەوتووە”.

ئیدریس عەبدوڵا، ئەندازیار و سەرپەرشتی پڕۆژەکە بۆ 964، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، كه‌ بڕیار و بودجە و ماوەی ئه‌و پڕۆژەیە پێش بڕیاری به‌ سەربەخۆكردنی ئیدارەی زاخۆ بوو، وتیشی “ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ درابووه‌ کۆمپانیای نیپێل، دوای ئەوەی پڕۆژەکە گیروگرفتى تێكه‌وت، خەڵک توڕەیی خۆیان دەربڕی، ئێمەش وەکو شارەوانی لێپرسینەوەمان کرد و سزامان دا”.

به‌قسه‌ى ناوبراو كۆمپانیاكه‌ پێش سزادانى، به‌ چوار تیم كارى له‌و پڕۆژه‌یه‌ ده‌كرد، به‌ڵام دواى سزادان كردیه‌ یه‌ك تیم، وتیشی “ئێستاش به‌ڵێنیان داوه‌ تا 20 رۆژی تر كاره‌كان ته‌واو بكه‌ن”.

به‌پێی زانیارییه‌كانى 964 كه‌ له‌و به‌رپرسه‌ى شاره‌وانى زاخۆ وه‌ریگرتووه‌، گوژمەی دەستنیشانکراو بۆ ئەم پڕۆژەیە دوو ملیار و 150 ملیون دیناره‌.

ئه‌و سه‌رپه‌رشتیاره‌ ده‌شڵێت “ئێستا قایمقام هاتۆته‌ سه‌ر خه‌ت و راسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ده‌كات”.

وتیشی، لە لایەن ئیدارەی زاخۆ و سەرۆکایه‌تی شارەوانییه‌وه‌، بڕیاردراوه‌، چيتر پڕۆژە بەو کۆمپانیایە نه‌درێت.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن