حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن چوونه به‌ره‌ی ئێرانه‌وه
ئیسرائیل: به‌رپه‌رچمان دایه‌وه
حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن: هاتینه ناو شه‌ڕه‌كه و چه‌ند مووشه‌كێكمان ئاراسته‌ی ئیسرائیل كرد
964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا
هێزه شیعه مه‌زهه‌به‌كانی یه‌مه‌ن كه به حوسییه‌كان ناسراون، له راگه‌یاندراوێكی فه‌رمیدا رایانگه‌یاند، ئه‌وانیش هاتنه ناو شه‌ڕی ئه‌مریكا و ئیسرائیل دژ به ئێران و چه‌ند مووشه‌كێكیان ئاراسته‌ی ئیسرائیل كرد، ئیسرائیلیش وه‌ڵامیدایه‌وه و ده‌ڵێن، به‌رپه‌رچی مووشه‌كه‌كانمان دایه‌وه.
بزووتنه‌وه‌ی ئه‌نساروڵای یه‌مه‌ن ئه‌مڕۆ شه‌ممه 28.3.2026 رایانگه‌یاند، یه‌كه‌م ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازییان ده‌ستپێكرد و چه‌ند مووشه‌كێكی بالستیكیان ئاراسته‌ی چه‌ند “ئامانجێكی هه‌ستیار” له ئیسرائیل كردووه.
جه‌ماعه‌تی یه‌مه‌نییه‌كان له په‌یامێكی ته‌له‌ڤزیۆنیدا ئاشكرایان كرد، وه‌ك به‌رگری له ئێران و ئه‌و وڵاتانه‌ی له لایه‌ن ئه‌مریكا و ئیسرائیله‌وه هێرشیان كراوه‌ته‌سه‌ر، ئه‌مڕۆ به چه‌ند مووشه‌كێك ئیسرائیلیان بۆردومان كرد.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێن، له هێرش و مووشه‌كباران به‌رده‌وام ده‌بین تا “به‌دیهاتنی ئامانجه‌كان”.
له لای خۆیه‌وه سوپای ئیسرائیل رایگه‌یاند، به‌رپه‌رچی ئه‌و مووشه‌كانه‌یان داوه‌ته‌وه، كه له یه‌مه‌نه‌وه ئاراسته‌ی ئیسرائیل كراون و تێكیانشكاندوون و هیچ زیانیان نه‌بووه.