لەتیف رەشید بۆ کوژرانی خامنەیی و سەرکردەکانی تاران سەرەخۆشی دەربڕی
تاران داوای دروستکردنی “یەکێتییەکی ناوچەیی” لە بەغدا دەکات
964+
ژێوار خدر
سەرۆک کۆماری عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرەخۆشی بۆ گیان لەدەستدانی عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران دەربڕی و تاران پێشنیازی دروستکردنی یەکێتییەکی ناوچەیی بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، سەرۆکایەتی کۆماری عێراقیش دەڵێت “بەردەوامی جەنگ خزمەتی بەرژەوەندیی هیچ وڵاتێک ناکات”.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق رایگەیاند، لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران گفتوگۆی لەسەر پەرەسەندنە مەترسیدارەکانی ناوچەکە و بەردەوامی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا کردووە، سەرەخۆشی بۆ گیان لەدەستدانی عەلی خامنەیی و ژمارەیەک سەرکردە و قوتابیی کچ دەربڕیوە کە بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە کوژراون، جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە عێراق دژی فراوانبوونی جەنگە و داوای دیالۆگ دەکات.
لەلایەن خۆیەوە مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران سوپاسی هەڵوێستی عێراقی کردووە و پێشنیازی دروستکردنی سیستمێکی “یەکێتی ناوچەیی” کردووە کە وڵاتانی ناوچەکە لە رووی ئابووری و بازرگانییەوە کۆبکاتەوە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری، لەو پەیوەندییەدا سەرۆک کۆماری عێراق جەختی کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان رێگری دەکات لەوەی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر دراوسێکان بەکاربێت، هەروەها سەرکۆنەی ئەو هێرشانەشی کردووە کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و بە پێشێلکردنی سەروەریی وڵات ناوی بردووە.