تیمەکان سوودیان لە چۆڵی و پشووی کاسبکاران وەرگرت
عەلوەی هەولێر شۆردرا و پاککرایەوە
964+
ژێوار خدر
شەوی رابردوو لە کاتێکدا بازاڕ چۆڵ بوو، تیمەکانی شارەوانی هەولێر هەڵمەتێکی فراوانیان بۆ شوشتن و خاوێنکردنەوەی تەواوی عەلوەی شارەکە ئەنجامدا، سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێریش دەڵێت “هەموو شەوانی پێنجشەممە لەسەر هەینی ئەم کارە دووبارە دەکەینەوە”.
سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر رایگەیاند، بەمەبەستی پاک راگرتنی ژینگەی ناو گومرگی سەوزە و میوە، لەژێر سەرپەرشتی لیژنەکانی بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی، هەڵمەتێکی فراوان بۆ پاککردنەوە و شوشتنی عەلوە ئەنجامدرا، ئەم کارە بە مەبەست خراوەتە شەوی رابردوو، چونکە بازاڕ چۆڵە و کاسبکاران لە پشوودان، ئەمەش کارەکەی بۆ تیمەکان ئاسانتر کردووە.
شارەوانی ئاماژەی بەوەش کردووە، لەم هەڵمەتەدا چەندین ئامێری وەک شۆفەڵ، بۆبکات و تانکەری ئاو بەکارهێنراون بۆ شوشتنی تەواوی کۆڵان و شەقامەکانی ناو عەلوەکە و دەشڵێت، ئەم جۆرە چالاکییانە هەفتانە بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی بەیانییەکەی کە کاسبکاران و هاوڵاتییان روو لە عەلوە دەکەن، شوێنەکە بە خاوێنی و بێ گرفت مابێتەوە.