گەرمیان
کارکردن لە چەمی سەیدە بەردەوامە بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی ئاستەنگی هاتوچۆ
964+
ژێوار خدر
تیمەکانی رێگاوبانی گەرمیان بۆ ماوەی دوو رۆژە لەناو باراندا سەرقاڵی پاککردنەوەی ئاوبارەی چەمی سەیدەن، ئەمەش بۆ ئەوەی رێگەی سەرەکی کەلار – کفری بەهۆی لافاو و بارانی بەخوڕەوە نەگیرێت، بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی گەرمیانیش دەڵێت “کارەکانمان لەپێناو سەلامەتی هاتوچۆی هاوڵاتییانە”.
بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی گەرمیان رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی 27.3.2026 تیمەکانیان بە ئامێری پێویستەوە بەردەوامن لە پاککردنەوەی ئاوبارەی چەمی سەیدە لە سنووری ناحیەی سەرقەڵا، ئەم ئاوبارەیە بەهۆی رێژەی زۆری بارانبارین پێویستی بە پاککردنەوەی خێرا هەبووە بۆ ئەوەی رێڕەوی ئاوەکە نەگیرێت و نەبێتە مەترسی بۆ سەر رێگەکە.
دەشڵێت، ئەم هەوڵانە لە کاتێکدایە کە شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین ناوچەکەی گرتووەتەوە و ماوەی 2 رۆژە تیمەکان بێپسانەوە کار دەکەن، ئامانجی سەرەکی ئەم کارانە پاراستنی رێگەی سەرەکی نێوان کەلار و کفرییە و رێگریکردنە لە هەر رووداوێکی نەخوازراو یان پەککەوتنی هاتوچۆی هاوڵاتییان لەو سنوورەدا.