کارکردنی تیمەکان
فەرمانگەی ئاو چییان کردووە؟
پێنج رۆژە شارەزوور بێ ئاوە و زیاتریش دەخایەنێت
964+
ئەحمەد مستەفا
فەرمانگەی ئاوی شارەزوور پێنج رۆژە نەیتوانیوە چارەسەری بۆری سەرەکی ئاوی قەزای شارەزوور بکات و دەڵێ، چارەسەرکردنی بۆری سەرەکی ئاو گواستنەوەی قەزای شارەزوور درێژە دەکێشێت.
بەوهۆیەوە دانیشتووانی قەزاکە بێ ئاو بوون.
پڕۆژەی ئاوی شارەزوور ئاوی نزیکەی 10هەزار هاوبەشی سنوورەکەی دابین دەکات، پڕۆژەیەکی ئاوی لەسەر چەم و کانیاوەکانی گوندی بێستانسوور هەیە، لەوێ ئاو ئاڕاستەی دانیشتووانی قەزاکە دەکرێ و میرئاوەکان دابەشی سەر گەڕەک و کۆڵانەکانی دەکەن، تا دەگات بە ماڵەکان.
لە راگەیەندراوی فەرمانگەی ئاوی شارەزوور کە ئەمشەو بڵاوی کردووەتەوە بۆ رای گشتی نوسوویەتی، هاوڵاتییانی قەزای شارەزوور ئاگادار دەکەنەوە زیاتر لە پێنج رۆژە، کارکردن بەردەوامە لە چاککردنی شکاویی لەسەر بۆری سەرەکی ئاو گواستنەوەی قەزای شارەزوور لەناو چەمی “قەرەگۆل”، بەهۆی زۆری رێژەی ئاو و بەردەوام باران بارین و هاتنی لافاوێکی تر نەتوانرا بۆرییەکە چارەسەر بکرێت تا ئێستا.
ئەوەی لە توانای فەرمانگەکەمان بێت هەموو کارێکمان ئەنجام داوە و بەردەوامیش دەبین تا چارەسەرکردنی بەتەواوی، “هەموو مەترسییەكمان لەسەر خۆمان خستووەتە لاوە لە پێناو چارەسەکردنی”.
فەرمانگەکە دەڵێ، بۆیە بەداخین کە هاوبەشانی ئاوی قەزاکەمان بۆ ماوەی پێنج، رۆژە بێ ئاو بوون و کاریگەری هەیە بەسەر دانیشتوانەکەی، وەك فەرمانگە ناوەستین و بەردەوام دەبین لە چارەسەرکردنی، داوای لێبوردن دەکەین.