ژمارەیەک کەس بێسەروشوێنن

تەرمى 18 کەس دۆزرایەوە؛ لە بەنگلادیش پاسێک کەوتە ناو رووبارێکەوە

964+

وریا فەتاح

لە رووداوێکی دڵتەزێندا لە وڵاتی بەنگلادیش، پاسێکی نەفەرهەڵگر کەوتە نێو رووباری “پادما” لە ناوچەی گۆلاندا و لە ئەنجامدا تاوەکو ئێستا گیانلەدەستدانی 18 کەس پشتڕاستکراوەتەوە و 11 کەسی دیکەش بە زیندویی رزگارکراون.

بەپێی زانیارییەکان، کارەساتەکە کاتێک دەستی پێکرد کە پاسەکە لەسەر سەکۆی وەستان (المرسى) چاوەڕوانی سەرکەوتن بوو بۆ سەر کەشتییەکی گواستنەوە، لەو کاتەدا کەشتییەکی دیکەی بچووک بە ناوی “حەسنا هێنا” بە توندی کێشاویەتی بە سەکۆکەدا، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی شۆفێری پاسەکە کۆنتڕۆڵ لەدەست بدات و پاسەکە بە هەموو سەرنشینەکانییەوە بخلیسکێتە ناو ئاوە قووڵەکانی رووباری پادما.

تیمەکانی بەرگری شارستانی بە هاوکاری سوپا، پۆلیس و ژمارەیەک مەلەوان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە. دوای هەوڵێکی زۆر، توانیویانە لە کاتژمێر 11:50ی شەو پاسە نوقمبووەکە لە قووڵایی ئاوەکە دەربهێنێت.

تاوەکو ئێستا تەرمی 18 کەس دۆزراونەتەوە کە پێکهاتوون لە 4 پیاو، 12 ژن و 2 منداڵ. هەروەها 11 سەرنشین توانیویانە بە مەلەکردن خۆیان بگەیەننە کەناراوەکە و رزگاریان بێت.

یەکێک لە رزگاربووەکان ئاماژەی بەوە کردووە کە کاتی رووداوەکە لانیکەم 40 کەس لە ناو پاسەکەدا بوون، ئەمەش مەترسی ئەوەی لێ دەکرێت کە هێشتا ژمارەیەکی زۆر تەرم لە ناو ئاوەکەدا مابن و بێسەروشوێن بن. تیمەکانی گەڕان بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ دۆزینەوەی قوربانییەکانی دیکە.

محەمەد منیر حسێن، سەرپەرشتیاری گواستنەوە لە ناوچەکە، بە خەمناکییەوە رایگەیاند: “پاسەکە لەبەردەم چاوماندا کەوتە ناو رووبارەکە و هیچمان پێ نەکرا بۆ رزگارکردنیان.”

سەرۆکوەزیرانى هەڵاتووى بەنگلادیشى سزاى لەسێدارەدانى ...

سەرۆکوەزیرانى هەڵاتووى بەنگلادیشى سزاى لەسێدارەدانى بۆ دەرچوو