لە داقوق بۆمبێک لە پێش ماڵی بەرپرسێک تەقییەوە

“پۆلیسێک گیانی لەدەست دا و سێ کەسی دیکەش بریندارن”

+964
سیروان خورشید – خورماتوو

بەیانیی ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ 25.3.2026 لە پێش ماڵی بەرپرسێکی حەشدی شەعبی لە گەڕەکی زەهرا لە قەزای داقوق، بۆمبێکی چێندراو تەقییەوە و پۆلیسێک گیانی لەدەست دا و بەرپرسەکە و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی داقوق بە964ـی وت، “کاتژمێر 8:00ـی بەیانی ئەمڕۆ لەلایەن چەند کرێکارێکی گەڕەکی زەهرا ئاگادار کراینەوە لە بوونی بۆمبێکی چێندراو لە پێش ماڵی بەرپرسێکی حەشدی شەعبی، دوای گەیشتنمان بە شوێنی رووداوەکە و پێش پووچەڵکردنەوەی، بۆمبەکە تەقییەوە.

وتیشی، بەهۆی نزیکبوونەوەمان لە بۆمبەکە بۆ ئەوەی پوچەڵی بکەینەوە، بۆمبەکە تەقییەوە و بەهۆیەشەوە پۆلیسێک دەستبەجێ گیانی لەدەست دا و خاوەنی ماڵەکە کە بەرپرسێکی حەشدی شەعبییە، لەگەڵ پاسەوانێکی و کرێکارێکی نزیک لە رووداوەکە بریندار بوون، ئێستاش لێکوڵینەوە دەستیپێکردووه‌.

سەمیر جاسم، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی داقوق بە 964ـی وت، “تەرمی پۆلیسەکە بۆ توێکاری پزیشکی رەوانەی نەخۆشخانەی ئازادی کەرکوک دەکرێت و سێ بریندارەکەی دیکەش لە ژێر چاودێریی پزیشکدان.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

بۆرییەکی سەرەکی کۆمپانیای غازی باکوور لە داقوق تەقییە...

بۆرییەکی سەرەکی کۆمپانیای غازی باکوور لە داقوق تەقییەوە