به‌ردی بناغه‌ی چەند پڕۆژەیه‌كی خزمه‌تگوزاری لە زاخۆ دانران

+ 964
شڤان عەبدوڵڵا – زاخۆ

ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ بەردی بناغە بۆ چەند پڕۆژەیه‌ك لە رۆژی راپەرینی زاخۆ دانا، كه‌ بڕیاره‌ لە ماوەی یەک ساڵدا هەموویان ته‌واو بكرێن.
پڕۆژەکان پێکدێن لە کردنەوەی نەخوشخانەیەکی منداڵان، دروستکردنی بنکەیەکی تەندروستی لە گەڕەکی سێمالکا، دروستکردنی جادە و ئاوه‌ڕۆ له‌ گه‌ڕه‌كی تلکەبەر و باخچەیەکی منداڵان و پارک، کە بەردی بناغە هەر ئەمڕۆ بۆیان دانرا و لەماوەی یەک ساڵدا تەواو دەبن و خەڵک لێی سوودمەند دەبن.

تۆڕی 964 ده‌زانێت، دروستکردنی نەخۆشخانەی منداڵان لە لایەن ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای کار گرووپ ده‌بێت وه‌ك پرۆژه‌یه‌كی خێرخوازی.

هه‌روه‌ها دروستکردنی بنکەی تەندروستی (سێملکا) بە گوژمەی 591 ملیون دینار بەردی بناغەی بۆ دانرا، دروستکردنی باخچەیەکی منداڵانیش لە گەڕەکی جگەرخوێن بە گوژمەی 269 ملیون دینار و لە لایەن کۆمپانیای زاب دروست ده‌كرێت.
له‌ لایه‌كی دیكه‌ دروستکردنی جادە و ئاوەڕوکان لە گەڕەکی تلکەبەر بە گوژمەی 698 ملیون دینار و لەلایەن کۆمپانیای تلکەبەر دێته‌ ئاواكردن.
شڤان عەبدی، بەرپرسی راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بۆ 964 وتی: هەموو ئەم پڕۆژەکان گرنگیەکی زۆریان هه‌یه‌ بۆ زاخۆ، لە یەک ساڵدا هەموویان تەواو دەبن و بۆ نەوروز و مانگی رەمەزانی پیرۆز چەند پڕۆژەیه‌كی دیكه‌ش راده‌گه‌یه‌نین.

وتیشی، “پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان جۆراوجورن، هەوڵی رژدمان داوە هەموو شه‌قامه‌كانی زاخۆ قیرتاو بکرێن، ئەوانەشی ماون به‌هۆی زێده‌ڕۆیی خەڵک نه‌كراون، هه‌وڵ ده‌ده‌ین چاره‌یه‌ك بۆ ئه‌وانیش بدۆزینه‌وه‌”.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا