ئەنجومەنی بەرگری ئێران دووپاتیدەکاتەوە:

“وەڵاممان بۆ هەر هێرشێك یەکلاکەرەوە و وێرانکەر دەبێت”

964+

فەرهاد حەسەن

ئەنجومەنی بەرگری ئێران، دووپاتیدەکاتەوە کە وەڵامێکی یەکلاکەرەوە و وێرانکەریان دەبێت، بۆ هەر جۆرە دەستدرێژییەک کە بکرێتە سەر وێستگەکان و ژێرخانەکانی وزە، هۆشداریش دەدات لە هێرشێکی سەربازی و دەڵێت، “تەواوی کەنداوی فارس مینڕێژ دەكرێت و بە کردەیی دادەخرێت “.

ئەنجومەنەکە، ئەمڕۆ دووشەممە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هەروەک چۆن لە بەرپەرچدانەوەی هێرش بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی نەتەنز، کۆمەڵگەی ئەتۆمی دیمۆنا كرایە ئامانج، و پێش ئەوەش پابەندی و عەزمی ئێران بۆ بنەمای قورئانیی “تۆڵەسەندنەوەی هاوشێوە” لە وەڵامدانەوەی ژێرخانەکانی وزە لە عەسەلویە سەلمێنرا، ئێساش جەخت لەسەر وەڵامێکی یەکلاکەرەوە و وێرانکەر بۆ هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر وێستگەکان و ژێرخانەکانی وزە و جەخت لەسەر جێبەجێکردنی بێ دواکەوتنی دەکاتەوە.

ئاماژە بەوەشكراوە “وەبیری دەهێنینەوە کە هەر هەوڵێکی دوژمن بۆ دەستدرێژی بۆ سەر کەناراوەکان یان دورگە ئێرانییەکان، دەبێتە هۆی ئەوەی بە شێوەیەکی سروشتی و بەپێی رێکارە سەربازییە باوەکان، تەواوی رێڕەوەکانی گەیشتن و هێڵەکانی گواستنەوە لە کەنداوی فارس و کەناراوەکان بە جۆرەها مینی دەریایی مینڕێژ بکرێن و تەواوی کەنداوی فارسیش بە کردەیی دادەخرێت و بەرپرسیارێتییەکەشی لە ئەستۆی هەڕەشەکار دەبێت”.