سوپا ئامادەکاری دەکات

“کوبا” پێشهاتێک بۆ جەنگی داهاتووی سەرۆکی ئەمریکا

964+

فەرهاد حەسەن

بەرپرسێکی باڵای کوبا رایگەیاند کە سوپای وڵاتەکەی رێکاری پێویست دەگرێتە بەر، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری هەر هێرشێکی سەربازیی ئەمریکا، بەوپێیەی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە پەرەسەندن دایە.

پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و هاڤانا لە دوای شۆڕشی کوبا لە ساڵی 1959 بە رێبەرایەتی فیدێل کاسترۆ گرژییان تێکەوتبوو و لە ماوەی خولی دووەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپیشدا زیاتر تێکچوو.

کارلۆس فێرناندێز، جێگری وەزیری دەرەوەی کوبا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی NBC وتی، سوپاکەیان هەمیشە ئامادەیە و خۆی بۆ ئەگەری دەستدرێژییەکی سەربازی ئامادە دەکات.

وتیشی “ساویلکانە دەبێت ئەگەر سەرکردەکانی کوبا ئەگەری هەڵگیرسانی ململانێ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکان پشتگوێ بخەن، بەڵام ئێمە بەڕاستی هیواداریین ئەوە رووو نەدات”.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ماوەیەک لەمەوبەر ئاماژەی بە ئەگەری “کۆنترۆڵکردنی” کوبا کردبوو، ئەو دوورگەیەی کە لەلایەن رژێمێکی سۆشیالیستەوە بەڕێوە دەبرێت.

لە بەرامبەردا، فێرناندێز وتی، بە ڕاشکاوی، نازانین ئەمریکا باسی چی دەکات، بەڵام دەبێ ئەوە بزاندرێت کە کوبا دەوڵەتێکی خاوەن سەروەرییە و جەختیشی کردەوە کە وڵاتەکەی “قبوڵی ناکات ببێتە دەوڵەتێکی پاشکۆ یان ژێردەستە”.

سەرەڕای گرژییەکان، واشنتن و هاڤانا گفتوگۆی رانەگەیەندراو ئەنجام دەدەن، بەڵام فێرناندێز رەتیکردەوە، کە کات و شوێنی کۆتا کۆبونەوەی نێوان هەردوولا ئاشکرا بکات.

جەختیشی کردەوە کە سروشتی سیستەمی سیاسی کوبا و پێکهاتە و ئەندامانی “جێگەی گفتوگۆ نین”، ئاماژەی بەوەشکرد کە پارتی کۆمۆنیست هێشتا تاقە پارتی سیاسی ڕێپێدراوە لە وڵاتەکەدا.