نێوەندگیرییەکی نوێ لەلایەن سێ وڵاتەوە
ئێران داواکاری قوڕس و ئەمریكاش شەش مەرجی بۆ کۆتاییهێنانی جەنگ هەیە
964+
فەرهاد حەسەن
هەوڵێكی نوێی نێوەندگیری بۆ ئێران و ئەمریكا هەیە بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگ بەڵام هەریەکێک لەوانە داواکاری و مەرجی قوڕسیان لە بەرامبەر یەکدی داواکردووە.
نێوەندگیرییەکە لەلایەن وڵاتانی میسر، قەتەر و بەریتانیا سەرپەرشتی دەکرێت.
بەپێی هەواڵێکی پێگەی ئەكسیۆسی ئەمریكی، ئیدارەی ترەمپ دەستیکردووە بە گفتوگۆ سەرەتاییەكان سەبارەت بە قۆناغی داهاتو و ئەوەی کە وتوێژەکانی ئاشتی لەگەڵ ئێران چۆن دەبن، ئەو گفتوگۆیانەی پەیوەستن بە ئەگەری پڕۆسەی دیبلۆماسی لەگەڵ ئێران، هەردوو نێردراوی تایبەت (کۆشنەر و ویتکۆف) تێیدا بەشداردەبن.
لەزاری سەرچاوە تایبەتییەکانییەوە باسی لەوەكردووە، كە لە چەند رۆژی رابردودا هیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆ لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا رووینەداوە، بەڵام میسر، قەتەر و بەریتانیا نامەیان لە نێوان هەردوو لایەندا گواستوەتەوە.
میسر و قەتەر بە ویلایەتە یەکگرتوەکان و ئیسرائیلیان راگەیاندوە کە ئێران ئارەزوی دانوستان دەکات، بەڵام داواکارییەکانی قورسن، کە بریتین لە، راگرتنی شەڕ، پێدانی گەرەنتی بۆ ئەوەی لە داهاتوودا جەنگ دەستپێنەکاتەوە، لەگەڵ پێدانی قەرەبووی زیانەكان كە لەكاتی هێرشەكاندا بەری كەوتون.
لەبەرامبەردا، مەرجەکانی ئەمریکاش بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بریتین لە؛
دووبارە کردنەوەی تەنگەی هورمز بۆ زامنکردنی هاتوچۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان، سڕکردنی بەرنامە موشەکییەکەی ئێران بۆ ماوەی پێنج ساڵ لەگەڵ راگرتنی پەرەپێدانی موشەکی نوێ، راگرتنی تەواوەتی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە، لەگەڵ راگرتنی کارکردنی دامەزراوەکانی نەتەنز، ئەسفەهان و فۆردۆ، چاودێری دەرەکی بۆ بەکارهێنانی ئامێرەکانی سەنتەرفیوج بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە کە بۆ مەبەستی سەربازی بەکارنایەن، هەزار کیلۆمەتر وەک “بەرزترین مەودا” بۆ موشەکەکانی ئێرانو شەشەمین مەرجیشی بریتییە لە راگرتنی هاوکارییە داراییەکانی ئێران بۆ بریکارەکانی لە ناوچەکەدا، (مەبەست لێی گروپە چەکدارەکانی وەک حزبوڵا، حوسییەکان و گروپە عێراقییەکانە).