شەوی رابردوو چی روویدا؟

ترەمپ هەڕەشەی خاپوورکردنی کێڵگە غازییەکان دەکات

+964

عەبدولباری ساڵح

ئەگەر خەریکی ئامادەکاری جەژن و نەورۆز بووی و کاتت نەبوو، ئەوا گرنگترین رووداو و پێشهاتەکانی شەوی رابردوو تا ئەم بەرەبەیانییە بەم جۆرە بوون:

📌لە درێژەی گرژییە سەختەکانی دوێنێ شەودا، ئێران هێرشی مووشەکی و درۆنی چڕی کردووەتە سەر چەندین وڵات، بە تایبەت لە ئیسرائیل، قەتەر، سعودیە و ئیمارات کە زۆربەیان دامەزراوەکانی وزەیان کردووەتە ئامانج.

📌 سوپای ئیسرائیل بۆ یەکەمجار هێرشی کردە سەر باکووری ئێران و کەشتییەکانی لە دەریای قەزوین کردە ئامانج، هاوکات جەختی کردەوە کە بەردەوام دەبێت لە تیرۆرکردنی بەرپرسە باڵاکانی رژێمەکە.

📌 لە دوێنێ شەوەوە، زیاتر لە چوار جار سیستمی بەرگری ئیسرائیل کەوتەکار و بەرپەرچی موشەکە ئێرانییەکانی دەدایەوە.

📌 ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بەپێی زانیارییە ئێرانییەکان پشتڕاستی کردەوە کە باڵەخانەیەک لە دووری 350 مەتر لە وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر بەهۆی هێرشەکانەوە پێکراوە.

📌 ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر دامەزراوەکانی غازی راس لەفان لە قەتەر و بووە هۆی کەوتنەوەی ئاگر و زیانی گەورەی ماددی، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێ بکەوێتەوە.

📌 وەک کاردانەوەیەکی توند بۆ هێرشەکان، قەتەر مۆڵەتی 24 کاتژمێری داوەتە پاشکۆی سەربازی و ئەمنی باڵیۆزخانەی ئێران بۆ جێهێشتنی وڵاتەکەی و وەک کەسانی نەویستراو ناوی بردوون.

📌 دۆناڵد ترەمپ هۆشدارییەکی توندی دا کە ئەگەر ئێران هێرش بکاتە سەر قەتەر، ئەوا کێڵگەی غازی پارسی باشووری ئێران بەتەواوی خاپوور دەکەن.

⭕️ ترەمپ رەتیشیکردەوە ئەمریکا ئاگاداری هێرشەکەی ئیسرائیل بێت بۆ سەر دامەزراوە غازییەکانی ئێران.

📌 وەزارەتی بەرگری سعودیە 4 موشەکی بالیستی بەرەو ریاز و موشەکێکی دیکەی بەرەو ناوچەی رۆژهەڵات تێکشکاند، کە تەنیا بەهۆی کەوتنی پارچەی موشەکێکەوە 4 کەسی بیانی لە ریاز برینداربوون.

📌 هاوکات هێزەکانی سعودیە رایانگەیاند، لە دوێنێ شەوەوە 19 درۆنی ئێرانی بخەنە خوارەوە کە هەوڵیان دەدا لە ناوچەی رۆژهەڵات و ریاز نزیک ببنەوە لە کێڵگەکانی غاز و وزە.

📌 ئیمارات بە سەرکەوتوویی بەرپەرچی چەندین موشەک و درۆنی ئێرانی دایەوە کە دامەزراوەکانی غازی حەبشان و کێڵگەی بابیان کردبووە ئامانج، کە ئەو دەنگانەی لە وڵاتەکە بیستران تەنیا دەنگی تێکشکاندنی موشەکەکان بوون.

📌 هێزەکانی کوەیت 5 درۆنیان لە ئاسماندا خستە خوارەوە و 10 ئەندامی حز*.بو*.ڵاشیان دەستگیرکرد کە تێوەگلابوون لە پێدانی زانیاری و پۆتانەکانی ناوخۆ بە لایەنی دەرەکی بۆ بەئامانجگرتنیان.

📌 سوپای بەحرەین زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێدا و ئاشکرای کرد کە لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانەوە تا ئێستا توانیویانە 132 موشەک و 234 درۆنی ئێرانی تێکبشکێنن.

📌 باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا داوای لە هاوڵاتیانی کرد دەستبەجێ عێراق جێبهێڵن، دوای ئەوەی درۆنێک لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا خرایە خوارەوە و یەکێکی دیکەش لەسەر بنکەیەکدا لێی درا کە وەزیرانی دەرەوە و بەرگری تێدابووە.

📌 لە ئەنجامی هێرشەکاندا، دوو ژن بەهۆی موشەکێکی ئێرانییەوە لە نزیک شاری خەلیل کوژران، هەروەها کرێکارێکی بیانیش لە ناوچەی شارۆنی ئیسرائیل بەهۆی موشەکێکی هێشوویەوە گیانی لەدەستدا.

📌 وەزیری دەوڵەت بۆ راگەیاندن لە میسر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ سکای نیوز عەرەبییە، جەختی لە پێویستی دروستکردنی هێزێکی هاوبەشی عەرەبی کردەوە بۆ بەرگریکردن لە ئاسایشی نەتەوەیی و وەستانی جەنگ.

📌 بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکان و بەئامانجگرتنی دامەزراوەکانی وزە، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بەرێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و گەیشتە سەروو 112 دۆلار.

بەیانی تا نیوەڕۆ چی روویدا؟

بەیانی تا نیوەڕۆ چی روویدا؟