هەناردەکردنی نەوت
پەمپەکان ئەو توانایەیان هەیە
نەوتی باکوور: دەتوانین رۆژانە 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکەین
964+
ئەحمەد مستەفا
کۆمپانیای نەوتی باکوور، ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، پاڵنەرەکان توانای هەناردەکردنی 500 هەزار بەرمیل نەوتیان لە رۆژێکدا هەیە لە رێگەی بۆری نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهان.
بەرپرسانی کۆمپانیاکە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، ئەو نەوتەی دەستمان بە ناردنی کردووە لە کێڵگەی بای حەسەن و لە وێستگەکانی، “سەردشاغ و سارەلوو”ەوەیە، پرۆسەی ناردنەکەش بە شێوەیەکی زۆر باش و بەبێ گرفت بەڕێوەدەچێ..
ئەوان ئاماژەیان بەوەکردووە، بۆری سەرەکی ناردنەکە کە قەبارەکەی 36 ئینجە، لە وێستگەی سارەلووەوە درێژ دەبێتەوە بۆ وێستگەی FKMS لە زاخۆ و بە تۆڕی بۆرییەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەبەسترێتەوە.
بەرپرسەکان وتوویانە، پاڵنەرەکان توانای ناردنی 500 هەزار بەرمیل نەوتیان هەیە لە رۆژێکدا، هێڵی هەرێمی کوردستان-یش بەرگەی ئەو بڕە دەگرێت و کارەکان بەرەو زیادکردنی بەرهەمهێنان دەچن.
لەلایەکی تریوە، وەمیز ئایدن، بەرپرسی وێستگەی سارەلوو بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، وێستگەکە لە شەش پاڵنەری سەرەکی پێکدێت کە ئێستا لە کاردایە، هەر پاڵنەرێکیش توانای ناردنی 700 مەتر سێجا نەوتی هەیە لە کاتژمێرێکدا.