دوێنێ شەو چی روویدا؟
کوردستان نەوتی عێراق هەناردە دەکات و هێرشە درۆنییەکان زیادیان کرد
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
شەوی رابردوو رووداوەکانی کوردستان و عێراق و دەوروبەر و شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران زۆربوون، لێرەدا گرنگترین رووداوەکان خراوەتەڕوو.
*ئێران پشتڕاستیکردەوە، عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و کوڕەکەی و چەند بەرپرسێکی دیکەی باڵای ئێران لە بۆردومانی ئیسرائیلییەکاندا کوژراون.
* دوای کوژرانی غولام رەزا سولەیمانی، فەرماندەی هێزەکانی بەسیج، سوپای ئیسرائیل بە ڤیدیۆ بڵاویکردەوە، کە هێرشیان کردووەتە سەر چەندین پێگەی ئەو هێزە لە ناوچە جیاجیاکانی تارانی پایتەختی ئێران.
*مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاریدا لە زووترین کاتدا رێگە بدرێت نەوتی عێراق لە رێگەی بۆڕییەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەناردە بکرێت، ئەوەش وەک هەنگاوێک بۆ تێپەڕاندنی ئەو “بارودۆخە نائاساییەی” رووبەڕووی وڵات بووەتەوە.
*بهڕێوهبهری ناوهندی نیشتمانی دژە تیرۆری ئەمریکا بەهۆی شەڕی ئێرانەوە دەستی لەکاركێشایهوه و رایگەیاند کە تاران “هیچ هەڕەشەیەکی دەستبەجێی” بۆ سەر ئەمریکا دروستنەکردوە و ئەو شەڕە لەژێر لۆبی و فشاری ئیسرائیلدا كراوە.
* بۆ یەکەمینجار هێرشی درۆنی کرایە سەر سەنتەری شاری کۆیە و زەرەر و زیانێکی زۆری ماددی لێکەوتەوە.
*جارێکی دیکە بە چەند درۆنێک هێرش کرایەسەر شاری هەولێر و درۆنەکان پووچەڵ کرانەوە و بێ زیانی گیانی بوون.
*تا درەنگانی شەو بە چەند درۆنێک هێرش کرایەسەر شاری سلێمانی و بە تایبەتی فەرماندەیی هێزەکانی پێشمەرگە و لە لایەن هێزەکانەوە بەرپەرچدرانەوە.
* حزبوڵای عێراق رایگەیاند، لە شوێنی ئەبوعەلی عەسکەری، بەرپرسی ئاسایشی کەتیبەکانیان، کە کوژراوە، ئەبوموجاهید عەساف دەکرێتە بەرپرسی ئاسایشی حزبەکە.
* دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا راگەیاند، زۆربەی هاوپەیمانەكانیان لە ناتۆ ئامادەنین بەشداری ئۆپەراسیۆنەكانی سەر ئێران بكەن و ئەوان هیچیان بۆ ناکەن، دەشڵێت، “بەهۆی ئەو سەرکەوتنەی بەدەستیانهێناوە، چیتر پێویستمان بە هاوکاری وڵاتانی ناتۆ و ژاپۆن، ئوسترالیا، یان کۆریای باشوور نییە”.
* محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، لە کات و شوێنی گونجاودا وەڵامێکی توندیان دەبێت بۆ هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر کەشتیی جەنگیی DENAی ئێرانی، کە بووە هۆی کوژرانی 84 دەریاوان و بێسەروشوێنبوونی 20ـی دیکە لە ئاوەکانی سریلانکا.
* راگەیاندنی شانەی ئەمنیی عێراق، ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە، کە باس لە کشانەوەی هێزە ئەمنییەکان لە بازگەکانی قائیم لە سنووری ئەنبار دەکەن.
* شەوی رابردوو جارێکی دیکە هێرش کرایەوەسەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و دەنگی چەند تەقینەوەیەک بیسترا.
*محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، فەرمانی بەپەلەی دەرکرد بۆ راوەدوونان و دەستگیرکردنی ئەو گرووپانەی باڵیۆزخانەی ئەمریکایان لە بەغدا بۆردومان کردووە، جەختیشی کردەوە “هیچ چاوپۆشییەک لەگەڵ ئەوانە ناکەن کە چەک لە دەرەوەی یاسا بەکاردەهێنن”.
* سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: ئامانجی سەرەکیی هێرشەکانی شەوی رابردوو پەکخستنی ژێرخانی مووشەکی و سەکۆکانی مووشەکی بالیستی ئێران بووە، هاوکات لەگەڵ تێکشکاندنی سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکان بۆ ئەوەی ئاسمانی ئێران لەژێر کۆنتڕۆڵی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلدا بێت.
*شەوی رابردوو ئێران وەجبەیەکی دیکەی مووشەکی ئاراستەی تەلئەبیبی پایتەختی ئیسرائیل کرد، لە ئەنجامدا گیانلەدەستدان و برینداری لێ کەوتووەتەوە، هەروەها زیان بەر وێستگەیەکی شەمەندەفەر کەوت.
*ئیسرائیل شەوی رابردوو بە چڕی بۆردومانی چەند گەڕەکێکی زاحیەی جنووبی لە شاری بەیرووتی لوبنان کرد.
*ئێران ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتیی ئاگادارکردەوە، کە تەنێک بەر باڵەخانەی وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر کەوتووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبووە.