گەنجان روو لە جلی كوردی دەكەن
دوو جەژن بەیەکەوەیە و خەیاتەکان دەڵێن زەرەرمانە
+964
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
كە جەژن و نەورۆز دێت بەرگدوورەكان مەجالی سەرخوراندنیان نامێنێ، ئەمساڵ دوو بۆنەش بەیەكەوەیە و بەرگدوورەكان وەزعیان باشە و بازاڕیان خۆشە، هەرچەندە بۆ ئەمەش بۆچوونی جیاوازیان هەیە.
فەرهاد كاكەشین بەرگدوورە و لە باوكییەوە بۆی ماوەتەوە، ئەو بۆ 964 وتی، “ئەمساڵ زۆر لۆدمان لەسەرە و من لە هەشتی رەمەزانەوە قاتی موشتەریم وەرنەگرتووە، هەر خەریكی ئەوانەم كە نۆرەیان گرتووە، ئەمسال كاریگەری شەڕ و درۆنەكان بازاری ئێمەشیان سست كرد.”
ئەو بەرگدرووە دەڵێت، جەژنی رەمەزان و نەورۆز بەیەکەوە هاتوون، بۆیە زەرەرمانە و موشتەری یەک قات بۆ هەردوو بۆنە بە دروستکردن دەدات.
حوسێن حاجی حەسەن بەرگدروویەكی ترە لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر و بۆ 964 وتی، “ئەمساڵ بازاڕمان باشترە، چونكە دوو بۆنە بەیەكەوەیە، پێش دوو مانگ داواكاری هەبووە، بۆ ئەوەی بۆ جەژن بۆی ئامادەبێت .”
کات کەم ماوە و بەپێی پێشبینییەكان، ئەگەر سبەی یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزان نەبێت، ئەوا دووسبەی جەژنە، نەورۆزیش رۆژی شەممە دەبێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا