پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر
پڕۆژەکان خرانەوەگەڕ
ئەمڕۆ ئاو دەگاتەوە بە سەرجەم گەڕەکەکانی هەولێر
964+
ئەحمەد مستەفا
ئەمڕۆ سێشەممە ئاوی هەولێر رایگەیاند، سەرجەم پڕۆژەكانی بەرهەمهێنانی ئاو کەوتوونەتەوە گەڕ، تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ، سەرجەم ئەو گەڕەکانە بەگوێرەی خشتەی تایبەت بە خۆیان ئاویان پێ دەگاتەوە.
رابەر حوسێن، بەڕێوەبەری دابەشکردنی ئاوی هەولێر بە رۆژنامەنووسانی وت، دوای ئەوەی بۆ ماوەیەک بەهۆی ناجێگیری کەشوهەواوە گرفت لە دابەشکردنی ئاودا دروست ببوو، ئێستا پڕۆسەی بەرهەمهێنان و ناردنی ئاو لە وێستگەکانی (ئیفراز) و پڕۆژەی (فریاگوزاریی هەولێر) بە تەواوی ئاسایی بووەتەوە.
بارانبارینی بەخوڕی چەند رۆژی رابردوو بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی لێڵبوونی ئاوی “زێی گەورە”، ئەمەش لە رووی تەکنیکییەوە وێستگەکانی پاڵاوتنی ناچار کردبوو بۆ پاراستنی کوالیتی ئاوەکە، پڕۆسەی دابەشکردن رابگرن.
بەڵام لە ئێستادا ئاستی لێڵبوونی ئاوەکە دابەزیوە و گەیشتووەتە ئاستی ئاسایی، بەو هۆیەوەش پڕۆسەی پاڵاوتن دەستی پێکردووەتەوە.
لەبارەی گەیشتنی ئاو بەو گەڕەکانەی کە لە چەند رۆژی ڕابردوودا تووشی بێئاوی ببوون، رابەر حوسێن دڵنیایی دا کە تیمەکانیان بەردەوامن لە کارکردن و جەختی کردەوە کە تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ، سەرجەم ئەو گەڕەکانە بەگوێرەی خشتەی تایبەت بە خۆیان ئاویان پێ دەگاتەوە.