ئیسرائیل دەڵێت کوشتمان

عەلی لاریجانی کێیە؟

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل یسرائیل کاتس ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند عەلی لاریجانی، یەکێک لە دیارترین و بەهێزترین کەسایەتییەکانی ئێرانیان کوشتووە.

لاریجانی بە یەکێک لە گرنگترین و کاریگەرترین کەسایەتییەکانی ناو دەسەڵاتی ئێران دادەنرا و عەلی خامنەیی رێبەری پێشووی ئێران، پێش کوژرانی ئەو راسپاردبوو لە غیابی ئەودا کاروباری ئێران بەڕێوەببات.

 لاریجانی کێیە؟

ژیاننامەی عەلی ئەردەشیر لاریجانی:

لەدایکبوون و ڕەچەڵەک: لە 3ی حوزەیرانی 1957 لە شاری نەجەف لە خێزانێکی ئایینی لەدایکبووە، کە ڕەچەڵەکیان بۆ شاری بێهشەهر لە پارێزگای مازەندەران دەگەڕێتەوە.

خێزان: باوکی، ئایەتوڵڵا میرزا هاشم ئامولی، یەکێک بووە لە زانایانی ئایینی و مامۆستای حەوزەی زانستی بووە. باوکی لە ساڵی 1931 بەهۆی فشارەکانی ڕەزا پەهلەوی بۆ سەر زانایانی ئایینی کۆچی کردووە بۆ نەجەف و 3 دەیە لەوێ ماوەتەوە (بۆیە هەموو منداڵەکانی لەوێ لەدایکبوون)، پاشان لە ساڵی 1961 گەڕاوەتەوە بۆ ئێران. دایکیشی کچی موجتەهید ئایەتوڵڵا سەید موحسین ئەشرەفی بووە لە شاری بێهشەهر.

هاوسەرگیری: هاوسەرگیری لەگەڵ کچی ئایەتوڵڵا مورتەزا موتەهەری کردووە و چوار منداڵیان هەیە: فاتیمە (1980)، سارا (1983)، مورتەزا (1984) و محەمەد ڕەزا (1989).

خوێندن: لە زانکۆی تاران بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای لە فەلسەفەی ڕۆژئاوادا بەدەستهێناوە. هەروەها بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بە پلەی نایاب لە بیرکاری و ڕاگەیاندن لە زانکۆی شەریف بۆ تەکنەلۆژیا وەرگرتووە.

پۆست و بەرپرسیارێتییەکان:

·        ڕاگەیاندن: لە نێوان ساڵانی 1997 بۆ 2004 سەرۆکایەتی دەستەی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێرانی کردووە.

·        سەرۆکایەتی کۆمار: لە ساڵی 2005 کاندید بوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پلەی شەشەمی بەدەستهێنا (5.94%ی دەنگەکان).

·        ئاسایشی نەتەوەیی: لە 14ی ئابی 2005 بوو بە سکرتێری گشتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، و لە 20ی تشرینی یەکەمی 2007 دەستی لەکارکێشایەوە.

·        سەربازی و حکومی: لە کاتی جەنگی ئێران و عێراقدا فەرماندە بووە لە سوپای پاسداران. لە ماوەی 1981-1989 جێگری وەزیری کار بووە، و لە سەردەمی ڕەفسەنجانیشدا جێگری وەزیری گەیاندن و تەکنەلۆژیای زانیاری بووە.

·        دانوستانە ئەتۆمییەکان: دوای سەرکەوتنی ئەحمەدی نەژاد، وەک سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی، سەرپەرشتی دانوستانە گرنگەکانی سیاسەتی دەرەوە و بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانی دەکرد و بۆ چەندین مانگ دانوستانی لەگەڵ خافیێر سۆلانا (نوێنەری یەکێتی ئەوروپا) ئەنجامدا. پاشان لە پایزی 2007 دەستی لەکارکێشایەوە.

·        پەرلەمان (ئەنجومەنی شوورا): لە ساڵی 2008 بوو بە ئەندامی پەرلەمان لەسەر بازنەی قوم و وەک سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا. لە ساڵی 2012شدا دووبارە بۆ هەمان پۆست هەڵبژێردرایەوە. لە سەردەمی سەرۆکایەتی ئەودا، ناوەندی لێکۆڵینەوە ئیسلامییەکانی سەر بە پەرلەمان لە شاری قوم دامەزرا.

پێگەی سیاسی:
دەوترێت خامنەیی، رێبەری کۆچکردووی ئێران، راسپاردەی کردبوو لاریجانی کاروباری وڵات بەڕێوەببات تا کاتی دیاریکردنی ڕێبەرێکی نوێ، ئەو بە یەکێک لە گرنگترین و کاریگەرترین کەسایەتییەکانی ناو دەسەڵاتی ئێران دادەنرێت.

عەلی لاریجانی کوژراوە

عەلی لاریجانی کوژراوە