غولامڕەزا سولەیمانی، فەرماندەی هێزەکانی بەسیج
چارەنووسیان نادیارە
میدیاى ئیسرائیلى: لەگەڵ لاریجانى فەرماندەى “بەسیج”یش کراوەتە ئامانج
964+
وریا فەتاح
بەرپرسانی ئیسرائیل ئاشکرایان کرد، لە هێرشە ئاسمانییەکانی شەوی رابردوودا بۆ سەر ئێران، چەندین کەسایەتیی باڵای سەربازی و سیاسی کراونەتە ئامانج، کە دیارترینیان فەرماندەی هێزەکانی بەسیجە.
بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسانی ئیسرائیل کە لە میدیاى تایبەت بە وڵاتەکەیان بڵاویان کردووەتەوە، غولامڕەزا سولەیمانی، فەرماندەی هێزەکانی بەسیج، یەکێک بووە لە ئامانجە سەرەکییەکانی هێرشەکەی شەوی رابردوو، بەڵام تاوەکو ئێستا بە تەواوەتی روون نییە کە ئایا سولەیمانی لەو هێرشەدا کوژراوە یان تەنها بریندار بووە.
هەر لە چوارچێوەی هێرشەکانی شەوی رابردوودا، وەک ئەوەى بەرپرسانى ئسیرائیل باسى دەکەن، عەلی لاریجانی کە ئێستا یەکێکە لە سیاسییە دیارەکانى ئێران، کراوەتە ئامانج.
ئەمە لەکاتێکدایە کە بەرپرسانی ئیسرائیل ئاماژە بەوەش دەکەن، چەند رۆژێک لەمەوبەر هێرشێکی تریان ئەنجامداوە بۆ سەر ئەکرەم عەجوری، سەرکردەی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامیی فەڵەستینی و چەند بەرپرسێکی تری باڵای ئەو رێکخراوە.
تاوەکو ئێستا لایەنی ئێرانی بە فەرمی هیچ راگەیەندراوێکی دەربارەی دۆخی تەندروستیی غولامڕەزا سولەیمانی و عەلی لاریجانی بڵاونەکردووەتەوە.