عەباس عێراقچى وەزیرى دەرەوەى ئێران
وەزیری دەرەوە نامەی ناردووە
ئێران داوای راگرتنی شەڕ دەکات
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ماڵپەڕی ئاکسیۆس لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، وەزیری دەرەوەی ئێران نامەی بۆ ستیڤ ویتکۆفی نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا ناردووە و داوای راگرتنی شەڕی کردووە
سەرچاوەکە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردەوە، کەناڵی پەیوەندی راستەوخۆی نێوان ستیڤ ویتکۆف نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا و عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە چەند رۆژی رابردوودا کارا کراوەتەوە.
ماڵپەڕەکە لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردووەتەوە، عەراقچی نامەیەکی کورتی بۆ ویتکۆف ناردووە کە تیشکی خستووەتە سەر کۆتاییهێنان بەو ململانێیەی کە بەردەوامە.
بەرپرسەکە ئاماژەی بەوەدا وەزیری دەرەوەی ئێران دەستپێشخەری پەیوەندییەکەی کردووە، بەڵام واشنتۆن دووپاتی کردووەتەوە ئێستا کاتی دانوستان نییە.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بۆ ماڵپەڕەکە وتوویەتی، داواکاریی ئێران بۆ قەرەبووکردنەوە وەک بەشێک لە هەر رێککەوتنێکی ئاشتی رەتکراوەتەوە، بەڵام ئەو بەرپرسە هەروەها دەڵێت، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کراوەیە بەرامبەر رێککەوتنێک، کە بتوانێت ئێران لەگەڵ باقی جیهاندا ئاوێتە ببێت و قازانج لە هەناردەکردنی نەوتەکەی بکات.
ماڵپەڕەکە هەروەها بڵاوی کردووەتەوە، بەرپرسانی ئەمریکا پێیان وایە عەراقچی هەماهەنگی لەگەڵ عەلی لاریجانی دەکات کە بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی ئەمریکا، دوای کوژرانی رێبەری مەزنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بووەتە سەرکردەی جێگرەوەی مەدەنی لە ئێران.
ئاکسیۆس لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش دەکات، واشنتۆن عەراقچی بە گونجاوترین کەناڵی پەیوەندی لەگەڵ تاران دەزانێت، بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندییەکانی پێشووی لەگەڵ تاران، ئەمە جگە لەوەی کە هێشتا لە ژیاندایە.