لیژنەکان
رانیە؛ دەست بەسەر سێ تۆن و نیو کشمیشی خراپبوودا گیرا
964+
وریا فەتاح
لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، هێزەکانی ئاسایش دەستیان بەسەر بڕی سێ تۆن و نیو کشمیشدا گرت کە بەهۆی لەدەستدانی بەهای خۆراکییەوە شیاوی خواردن نەبوو و بڕیاری لەناوبردنی درا.
ئەمڕۆ دووشەممە 16.3.2026، قایمقامیەتی قەزای رانیە بڵاویکردەوە، لەلایەن ئاسایشی بازگەکانی راپەڕینەوە دەستبەسەر 400 کارتۆن کشمیشدا گیراوە کە کێشی هەر کارتۆنێک نۆ کیلۆگرامە، کۆی گشتییەکەشی دەگاتە نزیکەی سێ تۆن و نیو.
بەپێی راگەیاندراوەکە، دوای ئەوەی کشمیشەکە رادەستی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی رانیە کراوە و پشکنینی بۆ کراوە، دەرکەوتووە بەهای خۆراکیی لەدەستداوە و بە هیچ شێوەیەک شیاوی خواردن نییە.
قایمقامیەتی رانیە جەختی لەوەش کردووەتەوە، سەرجەم بڕە کشمیشەکە لەناودەبرێت و رێکاری یاساییش بەرامبەر خاوەنەکەی دەگیرێتەبەر، هاوکات داواش لە هاوڵاتیان دەکات بۆ گەیاندنی هەر سکاڵا و زانیارییەک پەیوەندی بە ژمارەی (07708593000)ـەوە بکەن.