تیمەکانی شارەوانی
دوای بارانبارین
ژمارەیەک شەقامی هەولێر لە قوڕولیتە پاککرانەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
شارەوانیی هەولێر وێنەی تیمەکانی بڵاوکردەوە، کە خەریکی پاککردنەوە و شووشتنی شەقام و رێگەوبانەکانی سەنتەری شارن، ئەمەش دوای ئەوەی بارانێکی بەخوڕ شارەکەی گرتەوە.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردەوە، “دوای ئاساییبوونەوەی کەشوهەوا، لەلایەن تیمەکانمان هەڵمەتێکی شووشتن و خاوێنکردنەوەی قوڕولیتە و پاشماوەکانی بارانبارین لە شەقام و گەڕەک و کۆڵانەکانی هەولێر دەستیپێکرد”.
هەروەها دەڵێن، “دوابەدوای ئەو شەپۆلە چڕەی بارانبارین، کە سنووری پارێزگای هەولێر بە گشتی و سەنتەری شاری گرتەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 16.3.2026 لە بەرەبەیانی زوودا، لەلایەن تیمەکانمان لە گشت بەڕێوەبەرایەتییەکانی سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر، وێڕای ئامادەباشی و ئەنجامدانی هەڵمەتی گشتگیری کردنەوە و خاوێنکردنەوەی زێراب و مەنهۆڵ و رێڕەوەکانی ئاوی سروشتی لە کاتی بارانباریندا، دواتر هەڵساون بە شووشتن و خاوێنکردنەوەی قوڕولیتە و زبڵ و پاشماوەکانی شەقام و گەڕەک و کۆڵانەکانی شاری هەولێر لە رێگای چەندین ئامێری قورسی شۆفەڵ و قەللاب و بۆبکات و تانکەری ئاو، هەروەها لەگەڵ هێزی مرۆیی ژینگەپارێزان” .
دوو رۆژی رابردوو بارانی بەخوڕ زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە و تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەردەوام بوو.