خۆڵبارین لە شارێکى عێراق - وێنە: ئاژانسى دەنگوباسى عێراق
لە عێراق
20 وێستگەی چاودێریی جۆری هەوا دەکەونە کار
964+
ئەحمەد مستەفا
ئەمڕۆ دووشەممە وەزارەتی ژینگەی عێراق رایگەیاند، لە ئایندەیەکی نزیکدا 20 وێستگەی نوێ بۆ چاودێریکردنی جۆری هەوا دەکەونە کار، کە ئامانجەکە دیاریکردنی ئاستی هەوا و رادەی پیسبوونەکەیەتی.
جاسم فەلاحی، بریکاری وەزیری ژینگە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وتووە، وەزارەت هەوڵێکی زۆر دەدات بۆ پاراستنی ژینگە و کەمکردنەوەی پیسبوونی هەوا لە بەغدا و شارەکانی تری عێراق.
وەزارەتەکە، زیاتر لە 184 شوێنی تواندنەوەی لە بەغدا داخستووە، لەگەڵ 380 چالاکی تری سەرپێچیکار، و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر خاوەنەکانیان گیراوەتە بەر.
وەزارەتی ژینگە لە ساڵی 2012وە بەدەست دانەمەزراندنی فەرمانبەری نوێوە دەناڵێنێت، بەتایبەت کە ژمارەیەکی زۆری کادرانی وەزارەت بەهۆی گەیشتنە تەمەنی یاسایی خانەنشین بوون.
وەزیر دەڵێ، کۆی گشتی فەرمانبەرانی وەزارەت لە سەرانسەری عێراق کەمترە لە 2500 فەرمانبەر، ئەم ژمارەیەش لەگەڵ قەبارەی تەحەدییە ژینگەییەکان ناگونجێت کە پێویستی بە کادری زیاتر هەیە.
فەلاحی وتوویەتی، تەواوکردنی بڵاوکردنەوەی 20 وێستگەی چاودێری جۆری هەوا، ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ دابینکردنی داتایەکی ورد لەسەر دۆخی پیسبوون لە وڵاتدا.