پڕۆژەیەکى تەندروستى لە هەرێم
لە ماوەى رابردوودا
هەولێر؛ زیاتر لە 36 ملیار دینار بۆ کەرتی تەندروستی خەرج کراوە
964+
وریا فەتاح
پارێزگای هەولێر ئاماری پڕۆژە تەندروستییەکانی سنوورەکەی بڵاوکردەوە و دەڵێت، تەنیا لەسەر بودجەی پارێزگا بە گوژمەی زیاتر لە 36 ملیار دینار نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستیان نۆژەنکردووەتەوە و دروستکردووە، جگە لەو پڕۆژە زەبەلاحانەی خێرخوازان دروستیان کردوون.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ئامارەکەی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، بە گوژمەی 36 ملیار و 304 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی پارێزگا، چەندین نەخۆشخانەی گەورە نۆژەنکراونەتەوە، کە دیارترینیان بریتین لە نەخۆشخانەکانی: (هەولێری فێرکاری، فریاکەوتن و بەشی سووتان، راپەڕینی منداڵان، پیرمام، شەقڵاوە و هەریر)، لەگەڵ ژمارەیەک بنکەی تەندروستی لە قوشتەپە، عەینکاوە و چەند ناوچەیەکی دیکە.
هەر لەسەر بودجەی پارێزگا، کارکردن لە دروستکردنی چەندین بنکەی تەندروستی نوێ بەردەوامە، لەوانە بنکەکانی (سێبەردان، فەرمانبەران، هەنارە، جمکە، سێکانی، سێوکە، گینج و بڕگوێز)، کە تێچووەکەیان دەگاتە چەندین ملیار دینار.
ئەوەش خراوەتەڕوو، جگە لە بودجەی پارێزگا، لەرێگەی خێرخوازانەوە و بە دابینکردنی زەوی لەلایەن حکومەتەوە، چەندین نەخۆشخانەی گەورە دروستکراون یان لە قۆناغی جێبەجێکردندان، لەوانە:
نەخۆشخانەی دەروونی: جێگەی 200 قەرەوێڵە دەبێتەوە و تێچووەکەی 10 ملیار دینارە.
نەخۆشخانەی قوشتەپە: 50 قەرەوێڵەییە و تێچووەکەی 5 ملیار دینارە.
نەخۆشخانەی گەلیاوە: بە تێچووی 3 ملیار دینار تەواوکراوە و لە خزمەتی هاوڵاتیاندایە.
نەخۆشخانەی فریاکەوتنی بەحرکە: 50 قەرەوێڵەییە و تێچووەکەی 3.5 ملیار دینارە.
نەخۆشخانەی بەحرکە: بە 6 ملیار دینار تەواو کراوە.
دروستکردنی دوو بنکەی تەندروستی گەورە لە گەڕەکەکانی ژیان و زیلان بە تێچووی نزیکەی 3 ملیار دینار.
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانە جگە لەوەی کەرتی تەندروستی شارەکەی پێشخستووە، لە هەمان کاتدا هەلی کاری بۆ سەدان گەنج و کرێکار رەخساندووە.