فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا
هێرشی سەر فڕۆکەخانەی بەغدا
پێنج کەس بریندار بوون و بەرپرسانی ئەمنی و هەواڵگرییش دوورخرانەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بەرپرسی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لیوا سەعد مان رایگەیاند، کاتژمێر 7:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و دەوروبەری بە پێنج موشەک هێرشیان کرایە سەر، لە ئەنجامدا چوار کارمەندی فڕۆکەخانە و ئاسایش و ئەندازیارێکیش بریندار بوون، بەم هۆیەشەوە بەرپرس ئەمنی و ئەفسەرانی هەواڵگریی سنوورەکە دوورخرانەوە.
“راستەوخۆ دوای رووداوەکە، هێزە ئەمنییەکان ئۆپەراسیۆنێکی گەڕانی وردیان دەستپێکرد، ئەمەش بووە هۆی دۆزینەوەی سەکۆی هەڵدانی مووشەکەکان کە لەناو ئۆتۆمبێلێکدا شاردرابووەوە لە ناوچەی رەزوانییە لە رۆژئاوای بەغدا”، بەرپرسی شانەی ئەمنی وادەڵێت.
لیوا سەعد مەعن، وتیشی “لەبەر رۆشنایی ئەو بەئامانجگرتنە، رێنمایی و فەرمان دەرچوو بۆ ئەوەی فەرماندەی ناوچەکە و ئەفسەرانی هەواڵگری لە کەرتی پەیوەندیداردا دووربخرێنەوە، هاوکات لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان کرد بە گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی پێویست، هاوکات ڕێوشوێنە ئەمنییەکان لە دەوروبەری ناوچە ئامانجدارەکان توندتر کرایەوە”.