ئاڵای عێراق و ئەمریکا دەردەکەوێت _ وێنە: باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق
"مەچنە باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانمان"
باڵیۆزخانەی ئەمریکا داوا لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی دەکات بەپەلە عێراق جێبهێڵن
964+
شۆڕش قادری
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا داوا لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی دەکات، بەپەلە عێراق جێبهێڵن.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، “میلیشیا تیرۆریستییەکانی سەر بە ئێران بێ جیاوازی هێرشیان دژی هاوڵاتییانی ئەمریکی و ئامانجە پەیوەندیدارەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە ئەنجام داوە، بۆیە پێویستە دەستبەجێ عێراق بەجێبهێڵن”.
ئاماژە بەوەشکراوە، گروپەکانی سەر بە ئێران چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەی سەوز لە بەغدا، بۆیە ئەو شوێنە بەداخراوی دەمێنێتەوە، جگە لە حاڵەتێکی زۆر پێوست، هەروەها چەندین جار هێرش کراوەتەسەر دەورووبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و کونسوڵخانەی ئەمریکا لەو شارە، بۆیە بەھۆی بەردەوامی ھەڕەشەی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک لە ئاسمانی عێراق، نابێ هاوڵاتیانی ئەمریکا بچنە باڵیۆزخانە لە بەغدا یان کونسوڵخانەی گشتی لە ھەولێر.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا بیری هاوڵاتیانی دەخاتەوە کە بەهیچ شێوەیەک سەردانی عێراق نەکەن، دەشڵێت، ئەگەر دەتەوێت عێراق بەجێبهێڵیت، حکومەتی ئەمریکا ئامادەیە هاوکاریت بکات بە پێشکەشکردنی نوێترین زانیاری لەسەر بژاردەکانی رۆیشتنی بەردەست.
هەروەک دەزانین لە ئێستادا گەشتە ئاسمانییەکان راگیراون، بۆیە باڵیۆزخانەی ئەمریکا پێشنیازی رێگای وشکانی بۆ هاوڵاتیانی دەکات و دەڵێت، رێگای وشکانی هەیە بۆ ئوردن و کوێت و سعودیە و تورکیا، زۆربەی دەروازە سنوورییە وشکانییەکان کراوەن، بەڵام رەنگە لە هەر کاتێکدا بە ئاگادارییەکی کورت دابخرێن.
لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی ئێران کە 28.2.2026 دەستیپێکرد، چەند جارێکە ئەمریکا داوا لە هاوڵاتیانی دەکات عێراق جێبهێڵن و سەردانی ئەو وڵاتە نەکەن.