ئەو رۆژەی بەعس لە هەولێر راونرا
ئەمڕۆ یادی راپەڕینی هەولێر و رێککەوتنامەی 11ی ئادارە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەمڕۆ 11.3.2026 یادی 35 ساڵەی راپەڕینی شاری هەولێرە، کاتێک لە بەهاری 1991 دژی دامودەزگای حکومەتی هەڵوەشاوەی حزبی بەعس راپەڕین، هاوکات یادی رێککەوتنامە مێژووییەکەی 1970ی نێوان سەرکردایەتی کورد و حکومەتی ئەوکاتی عێراقە.
لە بەرەبەیانی 11ی ئاداری 1991 خەڵکی شاری هەولێر رژانە سەر شەقامەکان و هەڵیانکوتایە سەر دامودەزگا ئەمنییەکانی حزبی بەعسی عەرەبی و دەستیان بەسەردا گرت، لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا کۆتاییان بە دەسەڵاتی حزبی بەعس لە شارەکە و فەیلەقی پێنجی سوپای عێراقیش هێنا.
هێزە ئەمنییەکان زۆرینەیان کوژران و هەڵاتن و سەربازەکانیش خۆیان رادەستی خەڵک و پێشمەرگەی کوردستان کرد، کە زوو گەیشتنە ناو شار.
راپەڕینی هەولێر دوای راپەڕینی رانیە و سلێمانی و شەقڵاوە و چەند ناوچەیەکی دیکە بوو، بەڵام خاڵی وەچەرخان و تەکانێکی گەورە بوو بە گوڕوتینی راپەڕینی خەڵکی کوردستان، کە کۆتاییەکەی ئازادکردنی کەرکوکی بەدواداهات لە ئێوارەی 20ی ئاداری هەمان ساڵدا.
هاوکات هەر ئەمڕۆ یادی 56 ساڵەی رێککەوتنامەی مێژوویی 11ی ئاداری 1970ی نێوان سەرکردایەتی کورد لە باشووری کوردستان و حکومەتی ئەوکانی عێراق بوو.
رێککەوتنێک کە بەشێک لە مافەکانی گەلی کوردی تێدا بڕیار لێدرا، بە تایبەتی مافی ئۆتۆنۆمی و خۆبەڕێوەبردن، ئەمەش لە ئەنجامی شۆڕشی چەکداریی کورد دێت، کە لە ئەیلولی 1963 هەڵگیرسا، بەڵام زۆری ناخایاند رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکرا و شەڕ لە نێوان کورد و بەغدا دەستیپێکردەوە و دواجار بە لەباربردنی شۆڕشی کورد لە ئەنجامی رێککەوتنامەی جەزائیر لە نێوان حکومەتی عێراق و شای ئێران، بە چاودێریی جەزائیر لە 1974 کۆتایی هات.