"بلۆک و چیمەنتۆ و نایلۆن بەکارمەهێنن"
لە هەڵەبجە بەپێی رێنمایی و مەرج شوێنە گەشتیارییەکان نۆژەندەکرێنەوە
964+
فەرهاد حەسەن
بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە سەرجەم خاوەن بنکە گەشتیاریەکان ئاگادار دەکاتەوە، کە پێویستە بە پێی رێنمایی و ئەو مارجانەی دایانناوە شوێنە گەشتییارییەکانیان نۆژەنبکەنەوە.
خاوەن بنکە و شوێنە گەشتیارەکانی بیارە، تەوێڵە، ئەحمەدئاوا، زەڵم، بنپەڵگ، وشکەناو، سەرچاوەی ئاوەکەی زەڵم، سەیرانگای هەمەشوانە، چاوگی باوەکۆچەک، دەگرێتەوە.
رێنمایی و مەرجەکان بریتین لە؛
– بەکارهێنانی مەوادی سروشتی وەک بەرد، تەختە، مادە سروشتیە گونجاوەکان بۆ رووپۆشکردنی ناوەوە و دەرەوەی شوێنەکانتان.
– دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی مەوادی مۆدێرن و نەگونجاو لەگەڵ شێوازی تەلارسازی کۆنی ناوچەکە وەک (بلۆک، لەبغ، پایە، چییمەنتۆ ،ئەلیکۆبۆن، لەوح، نایلۆن……..هتد)
– لەکاتی دروستکردنی بنکەیەکی نوێی گەشتیاری یان نۆژەنکردنەوە پێویستە پێش دەستکردن بەکارەکان سەردانی بەشی ئەندازیاری بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان بکەن و دووربکەونەوە لە ئەنجامدانی زیادەڕۆیی و پاراستنی قەدەغەکراوی سەر رێگای گشتی و رێڕەوی پیادە و سەرچەمی هاوینەهەوارەکان بە پێچەوانەوە لێپرسینەوەی یاساییتان بەرامبەر دەگیرێتەبەر .
– پاراستنی رەنگدانەوەی مێژوویی و کلتوری ناوچەکە لە دیزاین و رووپۆشکردنی رووی دەرەوەی بینا و دوکان و چێشتخانە و شوێنی مانەوەکان.
– پابەندبوون بەو پێوەر و دیزاین و ستاندارانەی کەلە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری هەڵەبجەوە دەستنیشانکراوە.
– لەکاتی دروستکردنی تابلۆ و ناوی دوکان و شوێنەکانتان بە هەموو جۆرێک بەکارهێنانی فلێکس و کاغەز و لەوح و تەنەکە رێگەپێنەدراوە و لەلایەن لیژنەکانمانەوە سەرجەمیان لادەبرێت.
– لەجیاتی کەرەستەی نەگونجاو ناوی شوینە گەشتیاریەکان لەسەر کەرەستەی تەختە و سی ئین سی و بەشیێوازی مۆدێرن یان کلتوری بنوسرێت .
گەشتوگوزار دەڵێت، مەبەست لەم رێنماییانە دروستکردنی بارگرانی نییە لەسەر خاوەنی ئەم شوێنانە، بەڵکو ئامانجیان لەم رێنماییانە بۆ پاراستن و بەهێزکردنی سیمای گەشتیاری و کلتوری ناوچەکە و راکێشانی سەرنجی زیاتری گەشتیارانی ناوخۆ و دەرەوەیە، “بۆ باشترکردنی بازاڕی کار و رەخساندنی هەلیکاری زیاترە بۆ گەنجان”.