بەمەرج

کلیلی هەناردەکردنی نەوتی عێراق ئێستا بەدەست هەولێرە

964+

وریا فەتاح
بەهۆی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران و داخرانی گەرووی هورمز، عێراق ناتوانێت نەوتەکەی بە جیهان بفرۆشێت، بۆیە بە ناچارى لە دەرگەى هەولێر دەدەن تا لە رێى بۆرى نەوتى کوردستانەوە، نەوت بنێرنە دەرەوە، بەڵام هەولێر دەڵێت “تا گەمارۆی دۆلار لانەبەیت، نەوت ناڕوات”.

بەپێی راپۆرتێکی شیکاریی ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆر، کە پشتی بە سەرچاوە باڵاکانی واشنتن و هەولێر بەستووە، گرفتەکە گەیشتووەتە لوتکە و ئەمریکاش هاتووەتە سەر خەت:

لە 1ـی ئازارەوە عێراق هەناردەی نەوتی وەستاوە، بەغدا داوای لە هەرێم کردووە رێگە بدات رۆژانە 200 هەزار بەرمیل نەوتی کێڵگەکانی کەرکوک لە رێگەی بۆرییەکانی هەرێمەوە رەوانەی بەندەری جەیهانی تورکیا بکرێت.

بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێم بە ئەلمۆنیتۆری وتووە: “پێویستە بەغدا واقیع‌بین بێت. ئێستا دەروازەکانی ئێران داخراون، حکومەتی عێراق بۆ هاوردەی کاڵا و هەناردەی نەوت، پشتی بە نیازپاکی مەسرور بارزانی بەستووە”.

بەپێى راپۆرتەکە، حکومەتی هەرێم رەتیکردووەتەوە نەوتەکە تێپەڕێنێت تا بەغدا ئەم کێشانە چارەسەر نەکات:

هەڵگرتنی ئەو گەمارۆیەی خستوویەتییە سەر پێدانی دۆلار بە بازرگانانی هەرێمی کوردستان.

گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر سیستەمی گومرگیی ئەسیکودا (ASYCUDA)، کە هەولێر دەیەوێت بە مەرجەکانی خۆی جێبەجێی بکات نەک ئەوەی بەغدا بیسەپێنێت.

نرخی نەوت لە جیهاندا بەرزبووەتەوە و تا ئاستى 120 دۆلار هەنگاوینا، ئەمەش ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی نیگەران کردووە. تۆمی جۆیس، یاریدەدەری وەزیری وزەی ئەمریکا پەیوەندی بە تریفە عەزیز، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە واشنتن کردووە بۆ ئەوەی خاڵی هاوبەش بدۆزنەوە و بۆرییەکە بکەوێتەوە کار.

لە کاتێکدا بەغدا داوای یارمەتی لە هەرێم دەکات، میلیشیاکانی نزیک لە ئێران هێرشەکانیان بۆ سەر هەرێم چڕکردووەتەوە. چەند رۆژێک لەمەوبەر بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ (کە کۆمپانیایەکی ئەمریکی کاری تێدا دەکات) و فڕۆکەخانەی هەولێر، ئەمەش توڕەیی هەولێری بەرامبەر بێدەنگییەکەی سودانی زیاتر کردووە.

بەرپرسە کوردەکە پەیامێکی روونی بە واشنتن و بەغدا داوە: “هەڵوێستی ئێمە روونە؛ یەکەمجار پێدانی دۆلار، دواتر هەناردەی نەوت”.