دیمەنێ یەکێک لەو شەوانەی کە بە درۆن هێرشکرایە سەر هەولێر - وێنە؛ ئەرشیفی 964
حکومەتی هەرێم:
“پێویستە عێراق رێگری لەو گروپانە بکات کە بێ بیانوو کوردستان بەئامانج دەگرن”
964+
شۆڕش قادری
حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە حکومەتی عێراق دەکات، رێگری لەو گروپانە بکات کە بێ بیانوو کوردستان بەئامانج دەگرن.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردووتەوە، “بەتوندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە ناڕەوایانە دەکەین کە دەکرێنە سەر هاوڵاتیان و دامەزراوە مەدەنییەکان و بە ئامانجگرتنی نێردە دیپلۆماسیەکان، کە بە تەواوی پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە”.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بە هێرشەکەی شەوی رابردوو بۆ سەر کونسوڵگەری گشتیی ئیمارات لە هەولێر کراوە و دەڵێت، ئەو هێرشانە لەکاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەو شەڕە و هەمیشە لایەنگری ئاشتی و سەقامگیری و پێکەوەژیان بووە لە ناوچەکە.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم داوا لە حکومەتی عێراق دەکات، “بەرپرسیارێتیی پاراستنی سەروەریی عێراق بگرێتە ئەستۆ و ڕێگری لەو دەستە و گروپە توندڕەو و لە یاسا دەرچووانەی ناوخۆی عێراق بکات کە بەبێ بیانوو و بەردەوام هەرێمی کوردستان بە ئامانج دەگرن”.