هەڵدانى موشەکى بالیستی
تەلئەبیب زەنگی مەترسی لێدەدا
ئیسرائیل لەژێر موشەکی بالیستی ئێراندایە
964+
وریا فەتاح
ئەمڕۆ هەینی، کاتژمێر 10:31ی بەیانی، تەلئەبیب و ناوچەکانی ناوەڕاستی ئیسرائیل رووبەڕووی هێرشێکی نوێی موشەکی بالیستی بوونەوە، کە لە لایەن ئێرانەوە ئاراستە کرابوون. ئەم هێرشە دوای 11 کاتژمێر لە بێدەنگى دەستیپێکردەوە.
بەپێى هەواڵى میدیاى فەرمى ئیسرائیل، تیمە پزیشکییەکان ئاشکرایان کردووە کە تا ئەم ساتە هیچ زانیارییەک لەسەر برینداربوون یان گیانلەدەستدان بەهۆی هێرشەکەوە تۆمار نەکراوە.
بەپێی هەڵسەنگاندنە سەربازییەکان، ژمارەیەکی کەم موشەک ئاراستە کراون و هیچ کامێکیان راستەوخۆ بەر ناوچەکانی نیشتەجێبوون نەکەوتوون. تەنیا پاشماوەی موشەکە تێکشکێنراوەکان (پارچە) لە هەندێک ناوچە کەوتوونەتە خوارەوە.
ئاشکراشیان کردووە کە دەنگی تەقینەوەیەکی زۆر لە ئاسمانی تەلئەبیب بیستراوە، کە بەهۆی تێکشکاندنی موشەکەکان بووە لە لایەن سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیلەوە، یان کەوتنەخوارەوەی موشەکەکان لە ناوچە چۆڵ و کراوەکاندا.
فەرماندەیی بەرەی ناوخۆی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئەو هاووڵاتیانەی لە کاتی لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوەدا چوونەتە ناو پەناگەکان، دەتوانن بێنە دەرەوە، بەڵام جەختی کردەوە کە پێویستە بۆ هەر ئەگەرێکی بەپەلە لە نزیک پەناگەکان بمێننەوە.