هۆشدارى دەدرێت
عومرەکاران بە رێگاى وشکانى گەیشتنەوە کوردستان
964+
وریا فەتاح
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی دۆخی ناوچەکەوە، بەشێک لە عومرەکاران لە رێگەی وشکانییەوە گەڕێنراونەتەوە و هۆشداریش دەداتە هاوڵاتیان کە گەشتەکانیان بۆ سعودیە دوابخەن.
کاروان ستونی، گوتەبێژی فەرمیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا ئاشکرای کرد، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەو عومرەکارانەی لە سعودیە بوون، بە سەلامەتی و لەڕێگەی وشکانییەوە گەیشتنەوە خاکی هەرێمی کوردستان.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، تیمەکانیان بەردەوام لەسەر هێڵن بۆ رێکخستنەوەی گەڕانەوەی سەرجەم عومرەکاران و دڵنیایی دا کە پرۆسەکە بەردەوام دەبێت.
سەبارەت بە میکانیزمی گەڕانەوە لەم دۆخەدا، ستونی روونیکردەوە: “تاوەکو بارودۆخی ناوچەکە بەم شێوەیە بێت و لە ئەگەری راگرتن یان نەبوونی گەشتی ئاسمانی، ناچار دەبین پەنا بۆ رێگەی وشکانی ببەین بۆ هێنانەوەی عومرەکاران.”
لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەرایەتییەکە داوای لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان کردووە، لەپێناو سەلامەتییان و تووشنەبوونیان بە گرفت، لەم کاتەدا گەشتەکانی عومرە ئەنجام نەدەن و دوای بخەن تاوەکو دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.