لەگەڵ وەزیری دەرەوەی روسیا قسەی کرد

فوئاد حوسێن: عێراق بەشێوەیەکی راستەوخۆ زیانی شەڕی بەرکەوتووە

964+

ئەحمەد مستەفا

وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێ، وڵاتەکەی یەکێکە لەو دەوڵەتانەی لە بەردەوامیی ململانێ سەربازییەکانی ناوچەکە بە شێوەیەکی راستەوخۆ زیانی بەرکەوتووە و ئێستا لەلایەن هەردوولایەنی شەڕەکەوە هێرشی دەکرێتە سەر.

ئەمڕۆ چوارشەممە، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا بە تەلەفۆن قسەیان کرد.

وەزیری دەرەوەی روسیا هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە شەڕی ئێستای نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا، بەرامبەر ئێران روونکردەوە و وتوویەتی، لەگەڵ هاوتاکانی لە وڵاتانی کەنداو و ئێران لە پەیوەندیدایە، جەختی کردەوە باشترین ڕێگە بۆ چارەسەر، گەڕانەوەیە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و گرتنەبەری ڕێگەی دیپلۆماسی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە.

لای خۆیەوە، فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق بووەتە شوێنی پێکدادانی لایەنە ناکۆکەکان، ئەمەش وڵاتەکەی کردووەتە لایەنێکی کاریگەرپێگەیشتوو نەک لایەنێکی شەڕکەر. هۆشداریشی دا کە داخستنی گەرووی هورمز و بەردەوامیی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان، جووڵەی دەریاوانی لە ناوچەکەدا پەک خستووە و عێراق بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە، کە ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر بازاڕی وزەی جیهان و بەرزبوونەوەی نرخەکان دەبێت.

لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکەدا، وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ڕووسیا باسیان لە ڕێککەوتنی چەند کێڵگەیەکی نەوتی کرد، کە هەردوو کۆمپانیای گازپڕۆمی ڕووسی و شیفرۆنی ئەمریکی تێیدا بەشدارن. هەردوولا لێکەوتە داراییەکان و میکانیزمی پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانیان تاوتوێ کرد. هەروەها وەزیری ڕووسی بانگهێشتنامەیەکی ئاراستەی هاوتا عێراقییەکەی کرد بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی داهاتووی لێژنەی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات.

ئێران داوا لە عێراق دەكات سنووری بۆ بپارێزێت و دزەی تێد...

ئێران داوا لە عێراق دەكات سنووری بۆ بپارێزێت و دزەی تێدا نەكرێت