"جارێ تا هەفتەیەکی دیکە هیچ"

ئێران بڕیاریدا و بارهەڵگرەکان بە عارەبانەی بەتاڵەوە لە مەرزەوە گەڕانەوە

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

هەرچەندە دوێنێ کاربەدەستانی مەرزی پەروێزخان بە شۆفێری بارهەڵگرەکانیان وت، ئەمڕۆ بچنە مەرز و ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەستپێدەکاتەوە، بەڵام ئەمڕۆش هیوابڕاو بوون و عارەبانە و دەستی بەتاڵ گەڕانەوە.

964 ڤیدیۆی گەڕانەوەی بارهەڵگرەکانی دەستکەوتووە کە یەک بەدوای یەک لە مەرزەوە دەگەڕێنەوە، شۆفێری یەکێک لەو بارهەڵگرانە بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ سێشەممە 3.3.2026 ھەموومان چووینە مەرزی پەروێزخان بۆ ھێنانی بار، بەڵام لە دیوی ئێرانەوە رێگەنەدرا ھیچ بارێک بێتە دیوی ھەرێمی کوردستان”.

“بەرپرسانی دیوی ئێران پێیان وتین، رێگە بە رەوانەکردنی هیچ بارێکی سەوزە و میوە و خواردن نادەین و تا هەفتەیەکی دیکە مەیەنەوە مەرزەکە”، ئەو شۆفێرە وای وت.

ئاماژەی بەوەش کرد، سبەینێ مەرزەکە تەنیا بەڕوی باری وشکە، کاشی و ئاسن و بابەتی خانوبەرە دەکرێتەوە و بەو بارھەڵگرانەیان وتووە سبەینێ بگەڕێنەوە مەرز.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، حکومەتی ئەو وڵاتە بڕیاریداوە بەهۆی ئەم وەزعەی ئێستا و پێویستی ناوخۆ، هەناردەکردنی خۆراک و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان تا کاتێکی نادیار قەدەغە بکات.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری

مەرزی پەروێزخان پەکیکەوت؛ جووڵەی بازرگانی و گەشتیاری ...

مەرزی پەروێزخان پەکیکەوت؛ جووڵەی بازرگانی و گەشتیاری راگیرا

"جوڵەی بازرگانی لە مەرزی پەروێزخان دەستپێدەکاتەوە"