"پەنابردن بۆ گفتوگۆ و کەناڵە دیپلۆماسییەکان باشترین رێگاچارەیە"
باراک دیدگای ترەمپی لەسەر دۆخی ناوچەکە گەیاندە سودانی
964+
شۆڕش قادری
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مالیکی، تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە سوریا و عێراق لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و دیدگای ترەمپـی لەسەر دۆخی ناوچەکە پێگەیاند.
نووسینگەی سودانی لە راگەیەنراوێکدا ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، ئەمشەو هەینی 27.2.2026 محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازیکرد لە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە سوریا و عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا و بارودۆخی گشتی و پێشهاتەکانی ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان کراوە.
هاوکات، تۆم باراک دیدگای دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکای لەسەر دۆخی ئێستای ناوچەکە و رۆڵی سەرەکیی عێراق لە بنیاتنانی سەقامگیری و بەرەوپێشچوونی ناوچەکەی بە سودانی گەیاندووە.
سودانیش رایگەیاندووە، “سەرکردە نیشتمانییەکانی عێراق پابەندن بە گرنگیدان بە بەرژەوەندی نیشتمانی و خستنەگەڕی هەوڵەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق و بەرژەوەندییە ستراتیژییە باڵاکان کە عێراقییەکان گەورەترین قوربانییان بۆ داوە”.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پێداچوونەوە بە راوبۆچوونەکان سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە و گرنگی پەنابردن بۆ گفتوگۆ و کەناڵە دیپلۆماسییەکان کراوە وەک رێگایەک بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە.
هەر ئەمڕۆ تۆم باراک پیاوی ئەمریکا لە ناوچەکە لەگەڵ نوری مالیکیش کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق کۆبووەوە، دوای ئەم زنجیرە کۆبوونەوەیە، کەناڵی جەزیرە لەزاری سەرچاوەیەک لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی بڵاویکردەوە، کە باراک بە سەرکردەکانی عێراقی وتووە، مالیکی لە بەربژێربوون نەکشێتەوە، ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو ئەمریکا کۆمەڵێک سزا بەسەر عێراقدا دەسەپێنێت.