لە هەموولایەکەوە شوخت و شکانە
ئۆتۆمبێلى بەڕێوەبەرى قوتابخانەیەک درایە بەر چەکوش
964+
کاروان ساڵحى- کەرکوک
لە گەڕەکی حیساباتی کەرکوک، دەنگەدەنگی نێوان قوتابییەک و بەڕێوەبەر، بە شکاندنی ئۆتۆمبێلی بەڕێوەبەرەکە کۆتایی هات، ئێستا بەڕێوەبەری قوتابخانەکە کە تەنیا ساڵێکی ماوە یاساییانە خانەنیشین بێت، بڕیاریداوە ماڵئاوایی لە پەروەردە بکات.
رووداوەکە پەیوەندی بە قوتابخانەی “فەلەکەدین کاکەیی”ـی تێکەڵاوەوە هەیە، کاتێک رۆژى پێنجشەممە 26ـی شوباتی 2026، وردەکاریی هێرشەکە ئاشکرا بوو کە تێیدا ئۆتۆمبێلی بەڕێوەبەرەکە کراوەتە ئامانج.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بەڕێوەبەری قوتابخانەکە وردەکاریی چیرۆکەکەی بۆ 964 گێڕایەوە و وتی، هەموو شتێک لە رۆژی یەکشەممەوە دەستیپێکردووە، کاتێک ئیدارەی قوتابخانە پەیوەندی بە باوکی قوتابییەکەوە دەکەن و ئاگاداری دەکەنەوە کە بەهۆی “لاسارییەوە” کوڕەکەی فەسڵ دەکرێت.
بەوتەی سەرچاوەکە، باوکەکە کە دێتە قوتابخانە دەبێتە دەمەقاڵێیان، دواتر دەستی کوڕەکەی دەگرێت و بەناو پۆلەکاندا دەیگێڕێت و دەپرسێت “ئایا کوڕەکەی من لاسارە؟”.
کێشەکە لێرەدا ناوەستێت، رۆژی سێشەممەى رابردوو هەرزەکارێکی دەمامکدار بە هاوکاری چەند کەسێکی دیکە، بە “چەکوش” پەلاماری ئۆتۆمبێلی بەڕێوەبەری قوتابخانەکە دەدەن، جام و لایت و تەنانەت داشبۆڵی ئۆتۆمبێلەکەش تێکدەشکێنن، کە بە وتەی خاوەنەکەی نرخی ئۆتۆمبێلەکە 17 هەزار دۆلار بووە.
بەڕێوەبەرەکە لە بنکەی پۆلیسی “عروبە” سکاڵای تۆمارکردووە، بەڵام نیگەرانە لەوەی تا ئێستا کەس دەستگیر نەکراوە و ترسی ئەوەشی هەیە “کامێراکانی چاودێری بسڕدرێنەوە”. ئەم رووداوە وایکردووە بەڕێوەبەرەکە دەست بە مامەڵەی خانەنیشینی پێشوەختە بکات، سەرەڕای ئەوەی تەنیا ساڵێکی مابوو بۆ خانەنیشینبوونی ئاسایی.
، حەسان جبوری، سەرۆکی لقی کەرکوکی یەکێتیی مامۆستایان هاتە دەنگ و بە 964ـی وت، داوای دەستێوەردانی خێرا دەکەین، دەبێت پارێزگاری کەرکوک ئەرکی پاراستنی قوتابخانەکان لەئەستۆ بگرێت.
یەکێتیی مامۆستایان داوا لە فەرماندەیی پۆلیس و ئۆپەراسیۆنەکان دەکات، تیمێکی پسپۆڕ بۆ شوێنکەوتنی کامێراکان پێکیبهێنن و دادگای کەرکوکیش بەتوندترین شێوە سزای تاوانباران بدات، تا یاسای پاراستنی مامۆستایان تەنیا وەک مەرەکەبی سەر کاغەز نەمێنێتەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح