فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد
"كێشەی تەكنیكییە"
فڕۆكەخانەی بەغدا داخرا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، بەهۆی كێشەیەكی تەكنیكی لەناكاوەوە، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بە شێوەیەكی كاتی داخرا.
وەزارەتەكە رەتیكردەوە هیچ هەڕەشەیەك لەسەر فڕۆكەخانەكە هەبێت.
داخستنی فڕۆكەخانەكە لە سۆشیال میدیادا قسە و باسی زۆری لێکەوتەوە، بەڵام بەرپرسانی عێراق دووپاتیان کردەوە کە راگرتنی کارەکان تەنیا بە هۆکاری تەکنیکی بووە و کارەکانی چاکسازی لە ئارادایە بۆ دووبارە كردنەوەی.
وتەبێژی وەزارەتەکە مەیسەم ئەلسافی رایگەیاندووە، تێکچوونی کارکردن پێویستی بە “رێکاریی خۆپارێزی دەستبەجێ” هەیە، ئاماژەی بەوەش کرد، تیمە تەکنیکییەکان دەستیانکردووە بە “کارەکانی دەستنیشانکردن و چاککردنەوە بەپێی رێکارە ستانداردە پەسەندکراوەکانی نێودەوڵەتی”، وەک لە راپۆرتێکی ئاژانسی فەرمیی عێراقیدا هاتووە.
روونیشی کردەوە کە لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا فڕۆکەخانەکە دەکرێتەوە کاتێک کارەکانی چاککردنەوە و پشکنینی کۆتایی تەواو بوو.
ئەلسافی رەتیکردەوە هیچ مەترسییەکی ئەمنی ناوخۆیی یان دەرەکی لە پشت داخستنی فڕۆكەخانەی بەغدا هەبێت و رایگەیاند، راپۆرتەکان لەوبارەیەوە بێ بنەمان و داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن کرد کە لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە زانیارییەکان پشتڕاست بکەنەوە.
لەگەڵ ئەو قسانەشدا وتەبێژەكەی وەزارەت روونی نەكردەوە كێشە تەكنیكییەكان چین، كە وایكردووە بڕیاری داخستنی فڕۆكەخانەكە بدرێت.