لێدانى تێکەوتووە
ئێستا دنیادیدەن؛ چیرۆکى ئەو منداڵانەى بە دزى ماڵەوە رۆژوویان شکاندووە
964+
عەبدولعەزیز خالند- هەولێر
رەمەزان هەموو کات بۆنی یادگاریی لێدێت، بەتایبەت ئەو رۆژانەی تازە فێری رۆژووگرتن دەبووین و هەموومان لانیکەم جارێک “بە دزییەوە” رۆژووەکەمان شکاندووە. پەیامنێری 964 چووەتە ناو بازاڕی هەولێر و مایکەکەى خستووەتە بەردەم دنیادیدەکان تا چیرۆکى خۆیان لەگەڵ یەکەم رۆژووشکاندن باس بکەن.
پەیامنێری 964 لەناو جەرگەی بازاڕی هەولێر، ژمارەیەک کاسبکار و پیاوی بەتەمەنی دواندووە، ئەوان گەڕانەوە بۆ دەیان ساڵ لەمەوبەر، بۆ ئەو کاتەی منداڵ بوون و بە زۆر یان بە حەز دەکران بە ڕۆژوو، بەڵام بەرگەیان نەدەگرت.
بەشێک لەوانەی قسەیان بۆ 964 کردووە، باسیان لەوە کرد کە دۆخەکە وەک ئێستا ئاسان نەبووە؛ هەبووە لەسەر قومێک ئاو یان پارووە نانێک کە بە دزییەوە خواردوویەتی، باوکی پێی زانیوە و لێدانێکی باشی خواردووە. هەشبووە لەناو خێزانەکەیدا “ڕووشکێن” کراوە و هەمووان پێیان زانیوە کە بەڕۆژوو نییە.
پیاوێکی بەتەمەن باسی لەوە کرد کە ئەوکات ئەوەندە بچووک بووە، دایک و باوکی ڕۆژووەکەیان بۆ “گرێ دەدان”. واتە دوو رۆژ تا نیوەڕۆ بەڕۆژوو دەبوون، دواتر نیوەڕۆکان نانیان دەخوارد، ئینجا دایکیان ئەو دوو نیوەیەی بۆ دەکردن بە یەک ڕۆژی تەواو.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح