دوو هاوسەر لە هەریر سێ ساڵە بەردەوامن
بڕیاریان داوە تاوەكو لە ژیاندابن هەموو رەمەزانێك نانی بەربانگ بۆ كەمدەرامەتەكان دابین دەكەن
+964
فەرهاد حەسەن
لە قەزای هەریر ماوەی سێ ساڵە دوو هاوسەر لە رۆژانی مانگی رەمەزاندا دڵی هەژار و كەمدرامەتەكانی شارەكەیان بە دابینكردنی خواردنی بەربانگ خۆشدەكەن و بڕیاریشیان ئەوەیە كە تاوەكو لە ژیاندا بن ساڵانە ئەم كارەیان بەردەوامی پێدەدەن.
كەریم برایم مەرزانی، سەرۆكی رێكخراوی (هەریری من) بۆ كاری مرۆیی، كه لە نزیكەوە ئاگاداری كاری ئەم دوو هاوسەرەیە بە 964ـی وت، ماوەی سێ ساڵە بەردەوامن و بەهیچ شێوەیەكیش حەزناكەن ناویان بڵاوبكرێتەوە، چونكە دەڵێن ئەم كارە بۆ خوای گەورە دەكەین پێویست ناكات خەڵك بیزانێت.
وتیشی “هەموو رۆژێكی مانگی رەمەزان نانی بەربانگ بۆ 100 تاوەكو 150 كەسی كەمدەرامەت و هەژار دابین دەكەن”.
ئاماژەی بەوەشكرد ئەمڕۆ یەكەمین رۆژیانە بۆ ئەم كارەیان و تەواوی ئامادەكارییەكانیان كردووە و بڕیاریشیان داوە تاوەكو لە ژیاندا بن هەموو رەمەزانێك ئەم كارە بەردەوامی پێدەدەن.
رێكرخاوی (هەریری من) تێبینییەكی بڵاوكردووەتەوە كە زۆرجاران لە ساڵانی رابردوو تێبینیان كردووە، کەسانێک کە پێویستیان نییە و كەمدرامەت نین كەچی دەچن و شوێن دەگرن بۆ نان خواردن، داوای لێكردوون كە ئەم خواردنە تەنیا بۆ كەمدەرامەت و هەژارانە و كارێك نەكەن رسقی کەسێکی هەژار ببڕن و بێبەشیان بكەن.