هیوا مەحمود عوسمان

دۆلار لە جێگای دەبابە

964+

هیوا مەحمود عوسمان

ساڵی 2003، جۆرج بوش بۆ ئەوەی سەدام لەسەر کورسییەکەی لاببات پێویستی بە 150 هەزار سەرباز بوو، بەڵام ساڵی 2026 ترەمپ بە یەک تاکە تویت کورسییەکەی مالیکی لەق کرد.

حاڵی ئێستای عێراق رێک رەنگدانەوەی بارودۆخێکی نوێیە کە دۆلار شوێنی دەبابەو، تویتەر شوێنی مارێنزو زرێپۆشی گرتووەتەوە.

ئەمەش هەمووی بەهۆی شکستی سەرکردەکانی عێراقەوە بووە کە بەم 23 ساڵە نەیانتوانیوە وڵاتەکەیان بکەنە خاوەنی ئابوورییەکی سەربەخۆی هاوچەرخ، هەر بۆیە ئەوە عێراق نییە کە گۆڕاوە، بەڵکو ئەوە هێزی ئەمەریکایە لە بازووەوە گۆڕاوە بۆ گیرفان.

هەرچەندە ئەوانیش بوونەتە قوربانی ئەم بارودۆخە تازەیە، بەڵام کورد ئەوەی باشکرد زۆر زوو خۆی لەگەڵ ئەم یارییە نوێیە راهێنا. کێشەی سەرکردەکانی عێراق ئەوەیە تائێستا لەم سیاسەتە دوو فاقییە نەهاتوونەتە دەرەوە. بە کوردییەکەی خۆمان ”خورمژ”یان دەوێت، نە دەتوانن دەست لە خورمای ئێران هەڵبگرن و لە ژێر رکێفی بێنە دەر، نە پێیان دەکرێ دەستبەرداری مێوژەکەی ئەمەریکا ببن، لەسەر شاشەکان گەورەترین پشتیوانی مقاوەمەن، لە مەیدانەکەش هەموو سەوداو مامەڵەیان بە دۆلارە.

لەم چەند ساڵەدا سەرکردە عێراقییەکان بە رۆژی رووناک دژایەتی ئەمەریکایان دەکردو هەر کە ئێوارەیان لێدەهات چاوەڕێی ئیمزایەکی ئەو وڵاتەکیان دەکرد، واشنتۆنیش گوێی خۆی لەوە خەواندبوو.

ئێران وردە وردە ئەوەی ویستی کردی، چەند گروپێکی چەکداری سەر بەخۆی، چەند حیزبێکی گوێڕایەڵی ئامادەکرد لەپاڵ یەک دنیا پەلوپۆی سێبەردا، ئەمەریکاش هەر بەشێنەیی داوەکانی خۆی دادەناو سیستەمێکی سەرپەرشتی دارایی توندوتۆڵی بنیاتنا.

لە ساڵی 2003وە تائێستا پارەی نەوتی فرۆشراوی عێراق دەچێتە قاسەکانی بانکی فیدراڵی ئەمەریکا لە نیویۆرک، لەسەرەتا وەکو مەسەلەیەکی تەکنیکی تەماشادەکرا، بەڵام دواتر بووە چەکێکی سیاسی.

لە مانگی کانوونی دووەمی 2020 کاتێک پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا هێزە ئەمەریکییەکان لە عێراق دەربکرێن، ترەمپ بە چرپە وتی: ئەگەر کارێکی لەو شێوەیە بکەن رەنگە چاوتان بە تاکە دۆلارێکتان نەکەوێتەوە، ئەو کات ئینجا پەرلەمانتارە دەنگدەرەکان تێگەیشتن سەروەری عێراق بە بانکی فیدراڵی دەڕوات کە لە نیویۆرکە.

ئەوەی ئەوکات روویدا هەڕەشە نەبوو، بەڵکو ترەمپ بیری خستنەوە کە ئەو کلیلی دەرگاکەی پێیەو هەر خۆی خاوەن قەرارە.

ساڵی 2023 ئەمەریکا کۆت و بەندەکانی لەسەر حەواڵەی دۆلار توندکردەوەو داوایکرد هەموو حەواڵەیەک بە پرۆسەی وردبینی ئەلکترۆنیدا تێپەڕ ببێت، ئەوە بوو لە 14 بانکی عێراقی قەدەغەکرد مامەڵە بە دۆلارەوە بکەن، ئەم هەنگاوەش خێرا لە بازاڕدا رەنگی دایەوە و حاڵی دیناری پەرێشان کرد، ئەو پەرلەمانتارانەی دەنگیان بۆ دەرکردنی ئەمەریکا دابوو هەموو هاواریان لێ هەستا، بەڵام هیچیان لە دەست نەهات.

ئەمەریکا لە هەموو ئەم فشارانەدا تاکە سەربازێکی بەکارنەهێنا، بەڵکو هەندێ لەو دوگمانەی داگرت، بیری عێراقیان خستەوە ک خۆی ئەندازەی ئەم ئابورییە نوێیەیەو بە نوکە قەڵەمێک دەتوانێت دەستەیەک سزای قورسیان بەسەردا بسەپێنێت.

وادەردەکەوێت کە سەروەری عێراق بێ خەوش بێت، بەڵام پارەی نەوت، نەختینەی دۆلار، سیستەمی سویفت، چاودێری سزاکانی سەر ئێران، رێڕەوە دەریاییەکان و ئیسکۆدا، هەمووی یەک زنجیرە تەون و داوی پێکەوە گرێدراون کە چارەنووسی ئابووری عێراق دیاری دەکەن و هەموویشیان دەبێ لەسەر ئیزنی ترەمپ هەناسە بدەن.

چەند ساڵە کۆماری و دیموکراتەکان بە شێنەیی ئەم سیستەمە بنیاددەنێن و نەیانخستووەتە بەرچاو. ئەوەی ئێستا روودەدات، ترەمپ دانە دانە لە ناو چەکمەجە دەیانهێنێتە دەرەوەو بەکاری دەهێنێت.

ئەوانەی پێش ترەمپ، بە دیبلۆماسییەتەوە دەیانووت ”ئێمە نیگەرانین” بەڵام ئەم بە دەستی کراوە دەڵێت ”کاتی یاریکردن و شتی ژێربەژێرم نیە”.

سەیرەکە ئەوەیە عێراق بە زۆرەملێ تووشی ئەم داوە نەبوو، بەڵکو بەپێی خۆی چووە ناو سیستەمێکەوە کە تازە دەرچوون لێی مەحاڵە. جا پێناچێت سیاسیەکانیش چەند ساڵە ئەم باس و خواسە بووبێتە خەمیان، بەڵکو هەر لە یاریی دووفاقی خۆیان نەکەوتوون و بە دزییەوە دۆستی ئەمەریکا و بە ئاشکراش هی ئێران بوون.

هیچ کاتێک ئەم هاوکێشە ئابووریانەیان نەخستووەتە ریزی یەکەمی کارەکانیان و وەک دیفاکتۆ پێی قایلبوون، تا کار لە کار ترازاو تێگەیشتن ئایندەیان بە دۆلارەوە گرێدراوە.

سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق -جا هەر کەسێک بێت- ناتوانێت لەم حاڵە بەردەوام بێت. لە بانکەکان ئەمەریکی و لەسەر تویتەر ئێرانی بێت. پێی ناکرێت بە رۆژ لە وەسفی ئێراندا بێت و هەر کە ئێوارەی لێهات داوا لە ئەمەریکا بکات دینار بە دەردی تمەن و لیرە نەبات.

سەرۆک وەزیرانی داهاتوو رەنگە ئێران پێی قایل بێت و دەستی بڕوات بەسەر بڕیارەکانیداو زۆری لێبکات گروپە چەکدارەکانی بمێننەوە، بەڵام دواجار ئەوە ترەمپە کە کۆنترۆڵی جزدان و گیرفانەکانی کردووە.

جاران، واشنتن پێویستی بە سوپای گەورەبوو بۆ رێکخستنەوەی حاڵی عێراق، بەڵام ئەمڕۆ تەنیا ئەوەندەی بەسە یەکێک لە کەرەستەکانی فشاری خۆی بخاتە بەر مەیدان.

ئەمە بەهۆی بە هێزی کاراکتەرو لێزانی ترەمپەوە نییە، بەڵکو خوێندنەوەی ئەزموونی زیاتر لە بیست ساڵی تاقیکردنەوەو لێکدانەوەیە، بۆ ئەوەی تێبگات سیاسەتوانەکانی عێراق بەچی دەگیرێن.

سەیرەکە ئەوەیە ئەو سیاسەتمەدارانەی چەند ساڵە لە ناڵ و لە بزمار دەدەن، درەنگ تێگەیشتن کە دەسەڵات بە زەبری دەبابەی ئابرامزو هێزی چەکدار ناسەپێندرێت، بەڵکو تەنیا راگرتنی حەواڵەی بانکەکان بەسە، بێ ئەوەی هیچیان لە دەست بێت.

لە عێراقی ئەمڕۆدا شەڕەکە نە لەسەر سنوورە و نە لەسەر شەقام و نە لەناو پەرلەمان و ناوچەی سەوزە، بەڵکو شەڕەکە لەو شوێنەیە کە کۆشکی سپی و وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکای لێیە.

ئەم شەڕەش هەندێ جار بە یەک تویت دەست پێدەکات

ئەمە دەقی بەکوردیکراوی ئەو بابەتەیە کە هیوا مەحمود عوسمان نوسیوێتی و دامەزراوەی (میدڵ ئیست فۆرڕووم) بڵاویکردووەتەوە، ئەو شوێنەی گەورەترین دامەزراوەی توێژینەوەی ئەمەریکییە سەبارەت بە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و زۆربەی قسە رۆیشتووەکانی ئەمەریکا لەرێی چاودێری ئەو دامەزراوەیەوە بڕیاری گرنگ لەسەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەکەن.

نوری مالیکی: تاکە رێگە بۆ چاره‌سه‌رى دۆلار رێککەوتنە ...

نوری مالیکی: تاکە رێگە بۆ چاره‌سه‌رى دۆلار رێککەوتنە لەگەڵ ئەمریکا

ئێران و ئەمریکا لە جنێف گفتوگۆ دەکەن

ئێران و ئەمریکا لە جنێف گفتوگۆ دەکەن