"تۆپەکە لە مەیدانی ئەمریکادایە"
بۆ گەڕێکی دیکەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا شاندێکی ئێران چوونە جنێف
964+
شۆڕش قادری
شاندێکی ئێران بە سەرۆکایەتی عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە چوونە جنێف و بڕیارە سبەی گەڕێکی دیکەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا ئەنجام بدەن.
ئاژانسی هەواڵی ئیرنا بڵاویکردووەتەوە کە عێراقچی بڕیارە لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی سویسرا و عومان و بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم و چەند بەرپرسێکی دیکەی نێودەوڵەتی دانیشتووی سویسرا دیدار و کۆبوونەوە ئەنجام بدات.
سبەی سێشەممە 17.2.2026 گەڕێکی دیکەی دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیری عومان لە جنێفی پایتەختی سویسڕا بەڕێوەدەچێت.
دانیشتنی یەکەمی ئەو دوو وڵاتە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ، بەشێوەی ناڕاستەوخۆ رۆژی هەینی 6.2.2026 لە عومان بەڕێوەچوو.
مەجید تەخت رەوانچی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی بی بی سی رایگەیاندووە، ئێستا تۆپەکە لە مەیدانی ئەمریکادایە و ئێران ئامادەیە گفتوگۆ لەبارەی پیتاندنی یۆرانیۆم بەڕێژەی 60٪ و بابەتەکانی دیکەی پەیوەندیدار بە پرسی ئەتۆمی بکات، بەو مەرجەی قسە لەسەر گەمارۆکانیش بکرێت.