"ئۆتۆمبێلەکەی وەرگەڕاوە"

لە رووداوێکی هاتوچۆدا رۆژنامەنووسێک لە کەرکوک گیانی لەدەستدا

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

درەنگانی شەوی رابردوو ئۆتۆمبێلێکی جۆری جێب کۆمباس لە نزیک فلکەی وادی نەفت لە نێوان کەرکوک – حەویجە وەرگەڕا و بەهۆیەوە شۆفێرەکەی، کە رۆژنامەنووس بوو، داوی گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

سەرچاوەیەک لە بەشی ئێشکگری نەخۆشخانەی گشتی حەویجە بە 964ـی وت، “درەنگانی شەوی رابردوو کەسێک بەناوی ئەحمەد ریاز فەوزی تائی تەمەن 31 ساڵ بەبرینداری گەیەندرایە نەخۆشخانەکەمان، بەڵام بەداخەوە لەسەرە مەرگدابوو، نەمانتوانی ژیانی رزگار بکەین و گیانی لەدەستدا”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو گەنجە رۆژنامەنووسە لە رادیۆی ئەلغەد لە شاری موسڵ، بەڵام لە شاری هەولێر نیشتەجێیە و تەرمەکەی رادەستی کەسوکاری کراوەتەوە.

نەجم عەدنان چالاکەوانی مەدەنی و خەڵکی قەزای حەویجە بە 964ـی وت، “فلکەی وادی نەفت شەوان زۆر تاریکە کە تەنیا بە چوار بلاجکتۆر رووناک دەبێتەوە، کەسێک شارەزای ئەو رێگایە نەبێت، تووشی رووداوی هاتوچۆی سەخت دەبێت، رۆژانەش سێ بۆ چوار رووداوی هاتوچۆی تێدا روودەدات و بەردەوام قوربانی لێدەکەوێتەوە”.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری

زانیاری نوێ لەبارەی رووداوی هاتوچۆکەی سەر رێگای هەولێ...

زانیاری نوێ لەبارەی رووداوی هاتوچۆکەی سەر رێگای هەولێر - کەرکوک