بەدەست سەمادی زەویەکانیان دەکەن
بارانی زۆر بەشێکی گەنمی جوتیارانی شارەزووری زەرد هەڵگەڕاندووە
964+
بڕوا مەجید_ شارەزوور
بەهۆی زۆری ڕێژەی بارانبارینی ئەمساڵ و زەردبوونی بەرهەمی گەنم لەشارەزوور جوتیارانی بەدەست سەمادی زەویە داچێنراوەکانیان دەکەن
ئەمیر ئەحمەد، جوتیارێکی شارەزوورە بە 964ی وت بەهۆی بارینی ڕێژەیەکی زۆری باران لەشارەزوور زەویەکانیان تەڕە و بەرهەمی گەنمان سەوزبوون، بەڵام هەر ئەو زۆری بارینە، کاریگەری لەسەر بەرهەمەکەیان هەبوە و بەشێکی زەرد هەڵگەڕاندوون و ئەمەش پێویستی بە لێدانی سەمادم.
وتیشی “سەمادی سپی فەردەی 50 کیلۆیی بە 40 هەزار دینارە، ئەمەش بوەتە بارگرانی بۆ سەر جوتیاران و حکومەت هیچ هاوکاریەکمان ناکات، ئەگینا زەوی شارەزوور وەک ئاڵتون وایە بەپیت و بەنرخە، بۆ هەر دۆنمێک زەوی داچێنراو پێویستی بە دوو فەردەهەیە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ زەویەکانیان تەڕە، بۆیە تراکتۆر دەچەقێت ناتوانن سەمادەکەی پێ بڵاوبکەنەوە، بۆیە بەناچاری بەدەست ئەم کارە دەکەن.
لایخۆشییەوە، فەرەیدون حەسەن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شارەزوور، بە 964 ی راگەیاند، راستە ڕێژەی باران بارینی ئەمساڵ بەرهەمی گەنمی چەند جوتیارێکی زەردکردووە، بەڵام مەترسی لەناوچوونی بەرهەمەکە نیە.
دەشڵێت “ئەمساڵ تا ئەم ساتە بڕی 606,7 ملیمەتر باران باریوە، لەکاتێکدا ساڵی پارتا ئەم کاتە 246,2 ملیمەتر باریبوو، حکومەتیش لە ئێستادا بەهۆی ئەو قەیرانە داراییە لەسەرشانیەتی نەیتوانیوە هاوکاری جوتیاران بێت”.
باس لەدەکات ئەوەی لەسەریانە وەکو کشتوکاڵ رێنمای بە جوتیارانی دەدەن، پێشنیاریش بۆ جونتاران دەکات، بەهۆی ئەو ڕێژە زۆرەی باران بارین پێویستە وەشاندنی سەمادی سپی بوەستێندرێت، تا ئەوکاتەی کەشەکە ئاسایی دەبێتەوە، چونکە ئێستا زەویەکان تەڕن و سود لەسەمادەکە نابین.
بەپێی داتاکانی کشتوکاڵی شارەزوور، لە سنووری ئەم قەزایە 67 هەزار دۆنم زەوی جوتیاران هەیە، بەڵام ئەمساڵ %60 جوتیارانیان زەویەکانیان بە گەنم چاندووە، دوو هەزار و 300 جوتیار لای ئەوان ناویان تۆمارکراوە جگە لەوەش 500 جوتیاری دیکە هەن.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن