له‌ هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌یه‌ك بۆ یاسای وه‌رزشیی نێوان كوردستان و عێراق به‌ڕێوه‌چوو

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 9.3.2023 ئه‌یاد بنه‌ییان راوێژكاری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بۆ كاروباری وه‌رزش و لاوان له‌گه‌ڵ سه‌ردار ئیسماعیل به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی وه‌رزشی هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری كۆبووه‌وه‌ و كاری ئاماده‌كاریی یاسای وه‌رزشی یه‌كگرتوو له‌سه‌ر ئاستی عێڕاق تاوتوێ كرا.

لیژنه‌‌ باڵاكه‌‌ له‌ لایه‌ن محه‌مه‌د شیاع سودانییه‌وه‌ پێكهێندراوه‌ له‌ پێناو كاركردن بۆ ئاماده‌كردنی پرۆژه‌یه‌كی یاسای یه‌كگرتوو بۆ وه‌رزشی عێراق، تا ناكۆكییه‌كان بنبڕ بكرێن، كه‌ به‌ هۆی راوبۆچوونه‌ جیاوازه‌كان دروست بووه‌.

سامان بریفكانی بەڕێوەبەری راگه‌یاندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتی وه‌رزش به‌ تۆڕی 964ی وت، “راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، دووپاتی كرده‌وه‌ لیژنه‌ی باڵای یاساكه‌، كار بۆ چاككردنه‌وه‌ی واقیعی وه‌رزش به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی له‌سه‌ر ئاستی عێراق ده‌كات”.

وتیشی، “له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا شاندی كوردستان پێشنیار و راوبۆچوونه‌كانیان خسته‌ به‌رده‌م لیژنه‌كه،‌ به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كه‌لێنانه،‌ كه‌ له‌ یاساكه‌ هه‌ن و له‌ لایه‌ن لیژنه‌كه‌شه‌وه‌ گرنگییان پێدرا”.

له‌ لای خۆیه‌وه‌ سه‌ردار ئیسماعیل سه‌رۆكی شاندی كوردستان ئاماده‌باشیی لایه‌نه‌ وه‌رزشییه‌كانی كوردستانی نیشان دا، كه‌ كار له‌ پێناو لابردنی كۆسپه‌كان بكه‌ن بۆ به‌ره‌وپێشبردنی وه‌رزش له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق به‌ گشتی و كار بكرێت تا یاسایه‌كی یه‌كگرتووی وه‌رزشی په‌سه‌ند بكرێت.

له‌ شانده‌كه‌ی كوردستاندا، كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ شانده‌كه‌ی به‌غدا كۆبوونه‌وه‌، مه‌حموود عه‌زیز جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی وه‌رزش و ئه‌حمه‌د كۆچه‌ر شاره‌زای وه‌رزشی ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.