"قیامەت لۆمە مهیمە نەک دنیا"
باوکی دوو قوتابیەکەی سەرنەوس لە خوێنی منداڵەکانی خۆشبوو
+964
ئاکام غەفور-سۆران
دوای زیاتر لە مانگێک؛ دۆسیەی گیانلەدەستدانی خوشک و براکەی گوندی سەرنەوس لە ناحیەی وەرتێ داخرا و هەردوو بنەماڵە سوڵحیان کرد.
زریان رەحمان، باوکی دوو منداڵەکە بە 964ـی وت، ئەم بڕیارە بۆ من زۆر قورس بوو، بەڵام لەبەر خودای گەورە لەو ماڵە خۆش بووین و گەردەنیان ئازاد بێت، هیچمان لەبەر دڵ نییە و باوەڕم بە قەزاوقەدەری خودای گەورە هەیە.
“کەس حەز ناکات خۆی بە مێرولەیەکیشدا بکێشێت، هیوادارم هەر کەسێک توشی رووداوی لەم جۆرەبوو بیر لە لێخۆشبون بکاتەوە”، زریان رەحمان وادەڵێت
مەلا ناسیح رەژوکەری، کەسوکاری شۆفێرەکە، بە 964ـی راگەیاند، تا هەتایە مەوقیفی جوانی ئەو بنەماڵەیە لە بیر ناکەین و سوپاسیان دەکەین، لە کوردستان گیانی لێ بوردەیی هەیە، بەڵام با ئەوە نەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی خەڵک ئیهمال بێت.
رووداوەکە لە رۆژی یەکشەممە 11.1.2026 روویدا، کاتێک خوشک و برایەک کە تەمەنیان نۆ ساڵ و 11 ساڵان بوو، بەرەو قوتابخانە دەڕۆشتن، لە رێگا ئۆتۆمبێل لێیدان و بەهۆیەوە گیانیان لە دەستدا.
پێداچوونەوە؛ باری ساڵح