تەمومژ جێگەی بارانە بەلێزمەکەی سلێمانی دەگرێتەوە

+964

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

لە 12 کاتژمێری رابردوودا، 14.2 ملیمەتر باران لە سەنتەری سلێمانی باریوە، کەشوھەوای پارێزگاکە بۆ 24 کاتژمێری داھاتوو روو لە جێگیربوونە، بەڵام دروستبوونی تەمومژ جێگەی بارانە بەلێزمەکە دەگرێتەوە.

پێشبینی وایە، لە درەنگانی ئەمشەوەوە تا سبەی ھەینی، تەمومژی چڕ لە ھەریەک لە ناوچەکانی سلێمانی، هەڵەبجەی شەهید، شارەزوور، پێنجوێن، هەورامان، قەرەداغ، چوارتا، ماوەت، تەقتەق، رانیە، دەربەندیخان، گەرمیان دروستببێت.

ئاسۆ کەمال، بەرێوەبەری کەشناسی سلێمانی بە تۆڕی 964ی وت “ئێستا دۆخی کەشوھەوای پارێزگای سلێمانی  و ناوچەکانی دەوروبەری بە جۆرێکە کە شێیەکی زۆر لە ھەوادا ھەیە و کەشیش روو لە جێگیربوونە، لەم دۆخەشدا تەمومژ دروستدەبێت”.

بەوتەی بەرێوەبەری کەشناسی سلێمانی، رێگاکانی دەرەوەی شار زیاتر مەترسیدارن.

بەرێوەبەری کەشناسی سلێمانی داوا دەکات “بەھۆی ئەوەی ماوەی بینین کەمدەبێتەوە، شۆفێران بۆ کاری پێویست نەبێت لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە”.

پێشبینیشی کرد، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما تەمومژەکە روو لە نەمان بکات.