هەواڵەکان

پشکنینی هەستیاری لە کەرکوک بووە خۆڕایی و وریای داری کریسمس بن لە ماڵەکانتان


ژووری هەواڵ

هەر کەسێک حەساسیەت و هەستیاری هەیە پێویست ناکات بە پارەیەکی گران بڕوات پشکنین بکات، لە کەرکوک ماوەی چەند مانگێكە سەنتەرێكی پسپۆڕی هەستیاری حكومی لە ناو بینای سەلامی پزیشكی كراوەتەوە كە تایبەتە بە پشكنینی هەستیاری و دوای پشکنین بۆ هاوڵاتیان، ڤاكسینێكی تایبەتیشیان پێ دەدرێت بە خۆڕایی.

بەنزین وای لێهاتووە تۆزێک نرخەکەی هەرزان ببێت رێک دەبێتە هەواڵ جا ئەمە ئەمڕۆ لە سلێمانی وای لێهاتووە و بۆ هەر لیترێک لە هەرسێ جۆرەکە تەنیا 25 دیناری لێبووەتەوە.

دوورۆژە ئەو پردەی بارهەڵگرێک خۆی پێدا کێشاو و بەشێکی دارووخان لە رێگای گەلی عەلی بەگ هەر جەگ دەدەنە ژێری و باری راست نابێتەوە.

سەرى ساڵە و بەشێک لە خەڵکى لە ناو ماڵەکانیان دارى کریسمس دادەنێن و بۆ چەن رۆژێک کەشێکی تایبەت لە ناو ماڵەکانیان دروست دەکەن، بەرگرى شارستانى هەولێریش رێنمایى بە هاوڵاتیان دەدات کە دەبێت بە وریاییەوە مامەڵەى لەگەڵ بکەن بۆ ئەوەى رووداوى نەخوازراو روونەدات.